هه‌سه‌ده وه‌ڵامی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه
"پابه‌ندین به رێكاره‌كانی ئاسایش و هه‌نگاوی پێویست بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه هه‌ڵده‌گرین"
K24 - هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند: "دوودڵ نابن له به‌رگریكردن له خۆیان و هه‌ر هێرشێكی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان ده‌گۆڕن بۆ جه‌نگێكی گشتگیر له سنووره‌كانی سووریا و توركیا.
مسته‌فا بالی، گوته‌بێژ به‌ناوی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی، له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "پابه‌ندین به رێكاره‌كانی ئاسایش و هه‌نگاوی پێویست بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه هه‌ڵده‌گرین، به‌ڵام دوودڵ نابین له به‌رگریكردن له خۆمان و هه‌ر هێرشێكی بێ پاساوی توركیا ده‌گۆڕین بۆ جه‌نگێكی گشتگیر له سنووره‌كانی سووریا و توركیا".
قسه‌كانی گوته‌بێژه‌كه‌ی هه‌سه‌ده وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه بۆ دوا وتاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه 5/10/2019 گووتی: "توركیا ده‌یه‌وێت له رۆژهه‌ڵاتی فورات هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی ده‌ستپێبكات.
ئه‌ردۆغان له میانی قسه‌كانیدا پرسیاری ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی كرد و گووتی: "بۆمان روونبكه‌نه‌وه ئایا په‌كه‌كه و په‌یه‌ده كه له‌ژێر ناوی هه‌سه‌ده خۆیان شاردووه‌ته‌وه رێكخراوێكی "تیرۆریستین" یان نا؟ چونكه ئۆپراسیۆنه‌كه نزیكه، به ئاستێك ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ئه‌نجام ده‌درێت".