راپۆرتێک هۆکاری خۆپیشاندانەکانی عێراق روون دەکاتەوە

نوێترین ئامار و زانیاریی لەبارەی خۆپیشاندانەکان

K24 – هه‌ولێر:

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ 93 کەس بەرزبووە و هەندێکیش لە خۆپیشاندەران و پۆلیس بە نیشانشکێن (قەناس) کوژراون.

لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی هاتووە،  چەن نیشانشکێنێکی نەناسراوە چوار خۆپیشاندەر و دوو پۆلیسیان کوشتووە و بەمەش ژمارەی کوژراوان بۆ 93 کەس بەرزبووەتەوە.

نوێترین زانیاری

هێزە ئەمنییەکان رێگری لە خۆپیشاندەران دەکەن بچنە مەیدانی ئازادی بەغدا، بەڵام بەرە بەیانی ئەمڕۆ، قەدەغەی هاتووچۆ هەڵگیرا.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، تەنها دوێنێ هەینی، 10 خۆپیشاندەران بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

خۆپیشاندانەکان شارە شیعییەکانی گرتووەتەوە، بە تایبەت شارەکانی بەغدا، دیوانیە، حیلە و عەمارە و ناسریە.

بۆچی ئێستا ئەمە روو دەدات؟

گەندەڵی، بێ کاری و کەمی خزمەتگوزاری گشتی گەنجانی عێراقی نیگەران کردووە، خۆپیشاندانەکانیش بەبێ سەرکردایەتیی کردن، لە شارە زۆرینە شیعەکان بڵاوبووەتەوە.

بانکی جیهانی لە راپۆرتێکی لەبارەی عێراق ئاشکرایکردووە، عێراق خاوەنی چوارەم زۆرترین یەدەگی نەوتە لە جیهان، بەڵام 22.5% خەڵکەکەی، رۆژانە یەک دۆلار و 90 سەنت داهاتیانە. ئاشکراشیکردووە، بۆ هەر شەش ماڵێک، ماڵێکیان دووچاری نەبوون یان کەمی خۆراک دەبێتەوە.

لە ماوەی دوو ساڵدا، رێژەی بێ کاری لە 7.9% بۆ 17% زیادیکردوە و هێشتا وێرانکارییەکانی جەنگی داعشیش وەک خۆیان ماوەن.

کاردانەوەکان

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق: لە نیگەرانییەکان تێدەگەین بەڵام چارەسەری جادووگەرانەمان بۆ کێشەکانی عێراق نییە. بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ خۆپیشاندەران مامەڵەمان کردوە.

موقتەدا سەدر: حکوومەت وەڵامی داواکاریی خەڵکی نەداوەتەوە و گەندەڵی هەیە. داوا لە حکوومەت دەکەم دەستلەکاربکێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێش وەختە بکرێت. پەرلەمانتارەکانمان بەشێوەیەکی کاتی لە پەرلەمان دەکشێنەوە.

ئەمەریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی ئەمنستی داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، توندوتیژی  بەکارنەهێنن.

 H.J