نوێنەری خۆپیشاندەران چەند مەرجێك دەدەنە پەرلەمانی عێراق
خۆپیشاندەران داوای جێبەجێكردنی داواكانیان دەكەن
K24 - بەغدا
نوێنەری خۆپیشاندەران بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان چەند مەرجێک دەدەنە پەرلەمانی عێراق.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند "نوێنەری خۆپیشاندەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ پەرلەمان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک مەرجیان هەبووە، لەوانە دابینکردنی هەلیکار و دامەزراندن، هەروەها پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کرێنشینان، بڕینەوەی مووچە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و دوورخستنەوەی هەریەک لە زکرە عەلووش لە پۆستی ئەمینداری بەغدا و پارێزگاری کەربەلا لە پۆستەکەیاندا".
پەیامنێرمان گوتیشی "هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، راگرتنی پرۆسەی تێکدانی خانووە زیادەڕۆکان و ئازادکردنی خۆپیشاندەران".
ئاماژەی بەوەشدا "خۆپیشاندەران رایانگەیاندووە، تاوەکو کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی ئەربەعینییە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، ئەوا دەچنە ناو ناوچەی سەوز و هێرشدەکەنە سەر حکوومەت و پەرلەمان".
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بە بڕیاری عادل عەبدولمەھدی فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق قەدەغەی ھاتووچۆ لە بەغدا ھەڵگیرا.
رۆژی 1/10/2019 خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێكی دیكەی عێراق دەستیپێكرد، بە گوێرەی دوایین ئامار تائێستا 93 كەس كوژراون زیاتر لە 3 ھەزار كەسی دیكەش بریندارن.
ھ.م