ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق زیاتر بەرزبووەوە

خۆپیشاندەران چەند داواکارییەکیان هەیە

K24 – هه‌ولێر:

هەرچەندە بە بەراورد بە شارەکانی دیکە، دۆخی بەغدا کەمێک هێور بووەتەوە، بەڵام خۆپیشاندانی فراوان لە چەند شارێکی دیکەی عێراق بەردەوام بوو.

هاوکات، بەگوێرەی ئامارێکی نوێی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 100 كەس و زیاتر لە 4000 کەسی دیکەش لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان برینداربوونە.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، نوێنەری خۆپیشاندەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ پەرلەمان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک مەرجیان هەبووە، لەوانە دابینکردنی هەلیکار و دامەزراندن، هەروەها پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کرێنشینان، بڕینەوەی مووچە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و دوورخستنەوەی هەریەک لە زکرە عەلووش لە پۆستی ئەمینداری بەغدا و پارێزگاری کەربەلا لە پۆستەکەیاندا.

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی، هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، راگرتنی پرۆسەی تێکدانی خانووە زیادەڕۆکان و ئازادکردنی خۆپیشاندەران بەشێکی دیکەبوون لە داواکاری خۆپیشاندەران.

ئاماژەی بەوەشدا، خۆپیشاندەران رایانگەیاندووە، تاوەکو کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی ئەربەعینییە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت، ئەوا دەچنە ناو ناوچەی سەوز و هێرشدەکەنە سەر حکومەت و پەرلەمان.

 H.J