تورکیا دوو ئامانجی لە هێرشکردنە سەر سووریا هەیە

هەڵوێستی رووسیا و ئێران چییە؟

K24 – هه‌ولێر:

جارێکی باسی هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر سووریا دێتە ئاراوە و لە ئەگەری روودانیشی، نەخشەی ململانێکان لە سووریا دەگۆڕێت. ئەمە دەبێتە سێیەم داگیرکاری تورکیا لە سووریا و ئەنقەرە دوو ئامانجی هەیە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، تورکیا دوو ئامانجی هەیە؛ یەکەم، دەیەوێت هێزە کوردییەکان لەسەر سنوورەکانی بە تەواوی دووربخاتەوە. دووەم، دوو ملیۆن ئاوارەی سووری لە تورکیا، بۆ سووریا بگوازێتەوە.

کاریگەری لەسەر کوردەکان

کوردەکان یەکێکن لەو هێزانەی دەستکەوتێکیان لە سووریا هەیە و چەند شوێنێک بەڕێوەدەبەن، ئەوان داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن و سوورن لەوەی کە سەربەخۆییان ناوێت.

ئەگەر ئەمەریکا تەواوی هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، ناوچە کوردییەکان دەکەونە بەر چەند مەترسییەک، گەڕانەوەی داعش، ئاوارەبوونی خەڵکی، داگیرکاریی تورکیا و هەوڵەکانی رژێمەکەی ئەسەد و رووسیا و ئێران بۆ گرتنەوەی ناوچەکان.

هەڵوێستی رووسیا و ئێران چی دەبێت؟

رووسیا و ئێران پاڵپشتی ئەسەد دەکەن و پێچەوانەی ئەمەریکا و تورکیا لە سووریا سیاسەت دەکەن.

رووسیا پێشتر ئەوەی راگەیاندووە کە تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دەبێت سەروەری سووریا بپارێزرێت و هەموو هێزە بیانییەکان کە بە نایاسایی لە سووریان بچنە دەرەوە.

ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی بکشێتەوە، حکوومەتی سووریا بە هاوکاری رووسیا و ئێران، رەنگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە بدات.

هەڵوێستی رۆژئاوا

تاکو ئێستا هیچ وڵاتێک پشتگیری لە گەڕانەوەی دوو ملیۆن ئاوارە سووری لە تورکیا بۆ ئەو ناوچانە نەکردووە، بەڵکو نیگەرانن لەوەی دوو ملیۆن عەرەبی سوننە لە ناوچە کوردییەکان نیشتەجێ دەکرێن.

 Reuters

H.J