پێنجشەممە واشنتن پێشوازی لە شاندی چینی دەکات
بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە کۆتا گەڕی دانوستانەکان بکەنەوە
K24 – ههولێر:
کۆشکی سپی رایگەیاند، گەورە بەرپرسانی ئەمهریکا 10 مانگ کە دەکاتە رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە شاندی باڵای چین دەکەن.
کە بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە کۆتا گەڕی دانوستانەکان بکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی بازرگانی نێوانیان.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، هەردوو لایەن دەست بە دانوستاندنە بازرگانییەکەی نێوانیان دەکەنەوە دوای نزیکەی ساڵێک و نیو لە جەنگی بازرگانی نێوانیان بە زیادکردنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی یەکدی.
ستیڤانی گریشیام گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو بابەتانەی تاوتوێ دەکرێن بریتین لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و مافی خاوەنداری بیرۆکەیی و خزمەتگوزاری و کشتوکاڵ و پێناسی گومرگی.
جەنگی بازرگانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین لە 6 تەمموزی 2018 دەستیپێکرد، بە سەپاندنی پێناسی گومرگی لە لایەن ئەمریکاوە بە رێژەی 25% بۆ سەر 818 کاڵای چینی کە بەهاکەی 34 ملیار دۆلار بوو.
لە وەڵامدا چین بەهەمان رێژەی پێناسی گومرگی خستە سەر 545 کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکا کە بەهاکەی 34 ملیار دۆلار بوو، بەوەش جەنگی بازرگانی نێوان پەکین واشنتن درێژەی کێشا و چەندین قۆناخی هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینی تا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن.