ژنانی سەرێكانی داوایەك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن
"ھیچ وڵاتێك بە ھانامانەوە نەھاتووە"
K24 - تەل تەمەر
ژمارەیەك لە ژنانی سەرێكانی كە لەگەڵ منداڵەكانیان ئاوارەی تەل تەمەر بوونە، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن بە ھانای ئەوانەوە بچن لە بارودۆخێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.
ژنێك كە بۆ كوردستان24 دوا گوتی: "منداڵەكەم سوتاوە و ھیچ نەخۆشخانە و دكتۆرێك نییە چارەسەری بكەم، نازانین ئەردۆغان چی لە ئێمە دەوێت و منداڵەكانمان تاوانیان چییە؟، ئێمە تەنھا خاك و نیشتمانی خۆمان دەوێت".
گوتیشی: "نە ماڵمان ماوە نە پارەمان پێیە، ھیچ دەوڵەتێك لەسەرمان نایێتە دەنگ و ھەموویان خاینن، نازانین روو لە كوێ بكەین؟".
سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان24 لە تەل تەمەر رایگەیاند: "ئاوارەكانی سەرێكانی لە تەل تەمەر لە ژیانێكی زۆر خراپدان، لە ترسی تۆپباران و بۆردومان لە ناو بینا گەورەكان كۆبوونەتەوە و خواردن و خواردنەوەیان نییە".
لەلایەكی دیكە مەسعود محەمەد، پەیامنێری كورستان24 لە ناحیەی گرکێ لەگێ سەردانی ئاوارەكانی كرد كە لە سەرێ كانییەوە لەترسی تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا ماڵەكانیان جێھێشتووە. یەكێك لە ئاوارەكان بە كوردستان24ی گوت: "تۆپبارانەكان زیاتر بۆسەر خەڵكی سڤیلە و زۆربەی قوربانییەكانیش ھاووڵاتی سڤیلن".
ھ.م