ئەردۆغان نامەکەی ترەمپی خستووەتە ناو زبڵدانەوە

کاردانەوەی ئەردۆغان بەرامبەر بە نامەکەی ترەمپ ئاشکرا دەکرێت

K24 – هه‌ولێر:

تۆڕی هەواڵی بی بی سی ئاشکرایکردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکای خستووەتە ناو تەنەکەی خۆڵ (زبڵدان).

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە 09/10/2019 نامەیەکی بۆ ئەردۆغان ناردبوو تیایدا نووسیبووی: "کەسێکی رەق و گەمژە مەبە".

چەند سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە BBCی گوتووە: "ئەردۆغان نامەکەی بە تەواوی رەتکردووەتەوە و دواتر خستوویەتییە ناو زبڵدانەوە".

بڕیارە ئەمڕۆش، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر پرسی سووریا کۆببنەوە.

دەقی نامەکەی ترەمپ بۆ ئەردۆغان:

وەرە با رێککەوتنێکی باش بکەین! تۆ ناتەوێ بەرپرسیاری کوشتاری هەزاران مرۆڤ بی، منیش نامەوێ بەرپرسی وێران کردنی ئابووری تورکیا بم و ئەوە دەکەم. من بە روونی نموونەیەکی بچووکی ئـەو وێران کردنەم لە کێشەی قەشە برۆنسن دا پیشاندایت.

من زۆر کارم کردووە بۆ ئەوەی هەندێک لە کێشەکانی ئێوە چارەسەر بکەم. جیهان بێ ئومێد مەکە. تۆ دەتوانی رێککەوتنێکی باش بکەیت. فەرماندە مەزلووم ئامادەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆت لەگەڵ بکات، ئەو ئامادەی جۆرێک لە سازشە کە پێشتر هەرگیز ئەو جۆرە سازشەیان نەکردووە. بە متمانەوە کۆپییەکی نامەکەی ئەو ھاوپێچ دەکەم کە هەر ئێستا بە دەستم گەیشت و بۆ منی ناردووە.

مێژوو بە چاوێکی باش لێتدەڕوانێت ئەگەر ئەو کارە بە رێگایەکی دروست و مرۆڤدۆستانە ئەنجام بدەیت. مێژوو بۆ هەمیشە وەکو شەیتان تەماشات دەکات ئەگەر شتی باش روونەدات. کەسێکی تووند مەبە، کەسێکی گەمژە مەبە!

من دواتر پەیوەندیت پێوە دەکەم.

BBC

H.J