رووسیا له باره‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد له سووریا هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند
به بێ ئه‌م هۆكاره پرسه‌كه چاره‌سه‌ر ناكرێت
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ڤاسیلی نیبینزیا رایگه‌یاند، به بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای سووریا بۆ ناوچه سنوورییه‌كان، پرسی كورد له سووریا چاره‌سه‌ر ناكرێت.
دوێنێ، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ تاوتوێكردنی قه‌یرانی سووریا كۆبوه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڤاسیلی نیبینزیا گوتی: هۆكاری گرژییه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا ئه‌زموونی مه‌ترسیداری ئه‌ندازیاری جیۆسیاسییه كه كار بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ و دوژمنكاری له نێوان كورد و عه‌ره‌ب ده‌كات.
گوتیشی: یادداشتی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی رووسیا و توركیا، جه‌ختی له‌سه‌ر پاراستنی سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی ناوچه‌كانی باكووری سووریا و پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی سووریا و ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونی جیاخوازی كردووه‌ته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، پرسی كورد به بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی سووریا بۆ ته‌واوی خاكه‌كه‌ی و سنووره‌كانی چاره‌سه‌ر ناكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رووسیا تا كۆتایی رێگه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئاماده‌یی هێزی سه‌ربازی بیانی له‌سه‌ر خاكی سووریا نه‌مێنێت.