سوپای سووریا به درێژایی 90 كیلۆمه‌تر له سنووره‌كانی توركیا جێگیر بوو
هه‌سه‌ده به ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی به‌جێهێشت
K24 – هه‌ولێر:
سوپای سووریا به درێژایی 90 كیلۆمه‌تر له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا بڵاوبوویه‌وه.
به گوێره‌ی زانیاری ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ره‌سمی سووریا، ناسراو به "سانا"، "ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی سووپای سووریا گه‌یشتوونه‌ته دێهاته‌كانی باكووری حه‌سه‌كه و له دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌رێ كانی تا خۆهه‌ڵاتی قامیشلۆ بڵاوبوونه‌ته‌وه".
شه‌وی رابردووش، هێزێكی سوپای سووریا گه‌یشته گرد عه‌فه‌ر و خه‌راب كورد له دێهاته‌كانی خۆرئاوای قامیشلۆ و به درێژایی سنووری نێوان توركیا و سووریا بڵاوبوونه‌وه.
پێشتریش سوپای سووریا یه‌كه‌یه‌كی ره‌وانه‌ی "دربێسییه" له ناوچه‌ی دێهاته‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی حه‌سه‌كه و خۆرهه‌ڵاتی سه‌رێ كانی كرد.
دوێنێ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)، رایگه‌یاند، "به قوڵایی زیاتر له 30 كیلۆمه‌تر له سنووری توركیا دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و ئه‌و بڕیاره‌شیان بووه‌ته جێی ستایشی دیمه‌شق".