ئه‌ردۆغان ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی رۆژئاوای به درۆزن و داگیركا‌ر ناوده‌بات
"دڵۆپه نه‌وتێك لای رۆژئاوا له خوێنی خه‌ڵكی سووریا به‌نرختره"
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا هێرشی سه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا كرد و به درۆزن ناوی بردن.
ئه‌ردۆغان له گوتارێكدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی كۆماری توركیا له ئه‌نقه‌ره رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له لێدوانه‌كانیاندا باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ دۆخی سووریا بدۆزنه‌وه، درۆزنن و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌وه‌مان بینی كه چۆن دڵۆپه نه‌وتێك لای ئه‌وان له خوێنی سوورییه‌كان به‌نرختر بوو"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا، كه كۆنترۆڵی كێلگه نه‌وتییه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریای كردووه.
ئه‌ردۆغان وێڕای به‌رگریكردن له ئۆپه‌راسۆنی وڵاته‌كه‌ی له باكووری سووریا، گوتیشی: "وڵاته‌كه‌مان به‌ڕووی هه‌موو كه‌سێكدا كراوه‌یه و هه‌میشه حیسابمان بۆ هه‌ستی گه‌لان كردووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی بیر له داگیركردنی خاكه‌كه‌یان بكه‌ینه‌وه".
سه‌رۆكی توركیا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵ نادات ده‌ست به‌سه‌ر نه‌وت، غاز و سامانی وڵاتانی دیكه‌دا بگرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا كه رایگه‌یاندووه، هێزه‌كانیان هیچ كات له ناوچه نه‌وتییه‌كانی سووریا ناكشێنه‌وه و رێگه به هیچ لایه‌نێكیش ناده‌ن ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و كێلگه نه‌وتیانه‌دا بگرن.
هه‌روه‌ك گوتیشی: "ئه‌و كرده سه‌ربازیه‌ی سوپای توركیا له سووریا ئه‌نجامی ده‌دات، بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و پیلاانانه‌یه كه له دژی وڵاته‌كه‌ی داده‌ڕێژرێن".
H.B