نەخۆشخانەی تەل تەمر پێویستی بە ھاوكاری تەندروستییە

زۆربەی بریندارەكان رەوانەی ئەو نەخۆشخانەیە دەكرێن

K24 - تەل تەمر

لە نەخۆشخانەی تەلتەمری رۆژئاوای كوردستان كە لە سەرەتاكانی ھێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رۆژانە دەیان ھاووڵاتی برینداری تێدا چارەسەر دەكران، ئێستا كێشەی كەمی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ھەیە، پزیشكێكی نەخۆشخانەی تەلتەمر دەڵێ، دوای ئاگربەست فشارەكانیان لەسەر كەمتر بوونەتەوە، بەڵام بەھۆی نزیكی لە ناوچەكانی شەڕ ھەر كەسێك بریندار ببێت رەوانەی تەل تەمر دەكرێت.

د. محەمەد خەلەف، یەكێكە لە پزیشكانی تەل تەمر ماوەی 20 رۆژە بریندارەكانی بۆردومان و تۆپبارانی توركیا چارەسەر دەكات. ئەو باس لەوە دەكات، لە سێ رۆژی یەكەمی ھێرشەكانی توركیا لە نەخۆشخانەی تەل تەمر شوێن نەبوو برینداری لێ دابنرێت دەشڵێت، ئێستا كێشەی كەمی دەرمان و ئامێر لە نەخۆشخانەكە ھەیە.

ئەو دكتۆرە تەمەنی 55 ساڵە و خەڵكی سەرێ كانیە، بەھۆی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان شارەكەی جێھێشتووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی تەل تەمر بریندارەكان چارەسەر دەكەن.

نەخۆشخانەی تەل تەمر 25 كیلۆمەتر لە ھێزەكانی توركیا دوورە، بەھۆی زۆربەی بریندارەكانی سەر سنوور رەوانەی ئەو نەخۆشخانەیە دەكرێن، وەك پزیشكانی نەخۆشخانەكەش باسی دەكەن دەرمان و پێداویستی تەندروستی وەك پێویست نییە.

ھ.م