تره‌مپ رێز له "بكوژ‌ی به‌غدادی" ده‌نێت
پاڵه‌وانی ئه‌مه‌ریكایه
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جارێكی دیكه وێنه‌یه‌كی ده‌ستكاریكراوی ئه‌و سه‌گه‌ی بڵاوكرده‌وه كه له ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش رۆڵی كارای هه‌بووه و جگه له‌وه‌ی له وێنه ده‌ستكارییكراوكه‌دا رێز له سه‌گه‌كه ده‌نێت، به پاڵه‌وانی ئه‌مه‌ریكاش ناوی ده‌بات.
تره‌مپ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه وێنه‌یه‌كی ده‌ستكاریكراوی سه‌گه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه گوایه میدالیای ئازایه‌تی ده‌كاته ملی، چونكه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر رایگه‌یاندبوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌غدادی راوناوه و ناچاری كردووه خۆی بته‌قێنێته‌وه، ئۆپراسیۆنی هێزه تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكای سه‌ركه‌وتوو و ئاسان كردووه.
ئه‌و سه‌گه كه ناوی "كونان"ـی لێنراوه وێنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی ده‌یلی وایر ده‌ستكاریی كراوه و بڵاوكراوه‌ته‌وه، سه‌گه‌كه به‌غدادی راوناوه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێبه‌ری داعش به پشتێنه‌ی بۆمبڕێژكراو خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه، "كونان"ـیش بریندار بووه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌یان پێكردووه، ره‌وشی باشه و برینه‌كه‌ی قوڵ نییه و چاره‌سه‌ری بۆ كراوه.
تره‌مپ له تویتێكی دیكه‌دا سوپاسی رۆژنامه‌ی ده‌یلی وایر ده‌كات و ده‌ڵێت: "سوپاس ده‌یلی وایر بۆ ئه‌و داهێنانه جوانه، به‌ڵام كونان له‌م هه‌فته‌یه‌دا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێده‌هێڵێت و به زیندوێتی دێت بۆ كۆشكی سپی".
تره‌مپ سه‌گه‌كه‌ی به نایاب و به توانا ناوبردووه، دوای رۆژێك له كوژرانی به‌غدادی وێنه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه و گووتی: "ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه"، به‌ڵام هێشتا ناوی راسته‌قینه‌ی سه‌گه‌كه ئاشكرا نه‌كراوه و ته‌نها نازناوی كونانی لێنراوه.