ترەمپ: حەزم لە نەوتی سووریایە

ترەمپ جیا لە نەوت هیچی دیکەی لە سووریا بۆ گرنگ نییە

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتیدەکاتەوە؛ بەشێک لە سەربازەکانی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەهێڵێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت سەردانی کۆشکی سپی بکات و واشنتنیش بڕیاریداوە تێکەڵی ناوچەی ئارام نەبێت.

راشیگەیاند: "دەمانەوێت سەربازانمان بگەڕێنینەوە و ئێستا بەشێک لە سەربازانمان هێشتووەتەوە تەنیا بۆ ئەوەی نەوتەکە بپارێزن".

ئاماژەی بەوەشدا، حەزم لە نەوتە و ئێمە پارێزگاری لێ دەکەین هەروەها کار لەگەڵ کورد و تەنانەت تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەش دەکەین.

پێشتریش، چەند میدیایەکی ئەمەریکی ئاشکرایان کردبوو، بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا تەنها کاتێک ناوی نەوتیان هێناوە ترەمپیان بە مانەوە لە سووریا قایل کردووە.

H.J