مرۆڤخۆرهكه دان به تاوانه‌كانیدا ده‌نێت
سێ پیاوی كوشتووه بۆ ئه‌وه‌ی گۆشته‌كه‌یان بخوات
K24 - هه‌ولێر:
لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی رووسی رایگه‌یاند: "لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاووڵاتییه رووسییه كۆتایی هاتووه كه 3 مرۆڤی كوشتبوو بۆ ئه‌وه‌ی گۆشته‌كه‌یان بخوات".
له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ئاشكرابووه، ئه‌و تۆمه‌تباره ته‌مه‌ن 51 ساڵانه، له نێوان مانگی مارسی ساڵی 2016 تا مانگی مارسی 2017، سێ پیاوی به چه‌قۆ كوشتووه و جه‌سته‌یانی پارچه پارچه كردووه و چه‌ند به‌شێكی جه‌سته‌یانی خواردووه.
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێن: "تۆمه‌تباره‌كه سه‌گ و پشیله و باڵنده‌ی بچووكی زۆریشی كوشتووه بۆ ئه‌وه‌ی بیانخوات".
پاش ئه‌وه‌ی پشكنینی ده‌روونی بۆ تۆمه‌تباره‌كه كراوه، ده‌ركه‌وتووه هیچ كێشه‌یه‌كی ده‌روونی و عه‌قڵیی نییه، پێشبینی ده‌كرێت له به‌رده‌م دادگای كه‌رتی ئه‌رخانگیلسك له رووسیا ئاماده بێت و سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكراوه، ئه‌و مرۆڤخۆره خاوه‌ن پێشینه‌یه‌كی تاوانكارییه، پێشتر زیاتر له جارێك سزادراوه و سزاكانیشی په‌یوه‌ندی به كوشتنی خه‌ڵكه‌وه هه‌بووه.