فەرەنسا توانای بەرپەچدانەوەی ئەتۆمی لە ئەوروپا بەهێزدەکات

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی، فەرەنسا دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی بۆ بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی لە ئەوروپا خستووەتە گەڕ و لەو چوارچێوەیەشدا 10 وڵاتی کیشوەرەکە پشتیوانیی خۆیان بۆ پلانەکەی ماکڕۆن دەربڕیوە.

رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، پاریس دەیەوێت رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپادا بەهێزتر بکات، لەو چوارچێوەیەشدا پلانی ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بریتییە لە جێگیرکردنی ئەو فڕۆکە جەنگییە فەرەنسییانەی کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمییان هەیە لە چەندین وڵاتی ئەوروپادا.

بەپێی راپۆرتەکە، ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە دروستکردنی هاوسەنگییە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی مۆسکۆ، هاوتەریب لەگەڵ جێگیرکردنی فڕۆکەکان، پلانەکە فراوانکردنی هەماهەنگیی هەواڵگری و پەرەپێدانی سیستمەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە نێوان ئەو دەوڵەتانەدا لەخۆدەگرێت بۆ پێشگرتن لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەکی ڕووسیا.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، تا ئێستا 10 وڵات، لە نێویاندا بەریتانیا، ئەڵمانیا و پۆڵەندا، رەزامەندییان لەسەر دەستپێشخەرییەکەی ماکڕۆن دەربڕیوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن نیشان داوە.

لە بەرامبەردا، ئیتاڵیا و وڵاتانی باڵتیک بەشداری لەم دەستپێشخەرییەدا ناکەن و داواکارییەکەی پاریسیان ڕەتکردووەتەوە.

رۆژنامە ئەمەریکییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دەستپێشخەرییەی پاریس لە قۆناخێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی گرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا بەتەنیا بەس و جێگەی متمانە نین، بۆیە کار بۆ بەهێزکردنی سەروەریی ئەمنی و پەرەپێدانی توانای بەرگریی هاوبەش دەکەن بۆ ئەوەی پشتبەستنی تەواوەتییان بە واشنتن کەم بکەنەوە.