بنەتۆی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئاگاداری سەرجەم جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکاتەوە، بنەتۆی باوەڕپێکراو بۆ چاندنی دانەوێڵەی گەنم بۆ وەرزی چاندنی 2026-2026 ئامادە کراوە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت: ئەم هەنگاوە بە مەبەستی هاندان و پشتگیریکردنی جووتیارانی هەولێر و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، هەر جووتیارێک ئارەزووی وەرگرتنی ئەم بنەتۆیە هەبێت، دەتوانێت بۆ مەبەستی ناوتۆمارکردن و سوودمەندبوون لەم پشتگیرییە، سەردانی بەش و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکانی سنووری خۆی بکات.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، بڕی نزیکەی 4 هەزار تۆن بنەتۆ بە پاڵپشتی حکوومەت بۆ دابەشکردن بەسەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و پرۆسەی دابەشکردنیان بەمزووانە بەڕێوەدەچێت.
هێمن سەید موراد جەختیکردەوە، نرخی گشتیی یەک تۆن بنەتۆ 793 هەزار دینارە، بەڵام حکوومەتی هەرێم نزیکەی سەتا 50ی خەرجییەکەی لەئەستۆ گرتووە و پاڵپشتی دارایی بۆ دابین کردووە، بە جۆرێک کە جووتیار تەنیا بڕی نزیکەی 400 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دەدات لە بەرامبەر کڕینی بنەتۆکەدا.
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی بنەتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، هیچ مەرجێکی قورس یان بەربەست لەبەردەم جووتیاراندا نییە. سەرجەم ئەو جووتیارانەی پێویستیان بە بنەتۆ هەیە، دەتوانن لە رێگەی پارێزگاکان، قایمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن و بنەتۆی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام دەبێت ئەو جووتیارەی داوای بنەتۆ دەکات ناوی لە پلانی ساڵانەی کشتوکاڵی حکوومەت تۆمار کرابێت.