"مه‌ترسی هه‌ره‌سهێنانی پردی كۆماری به‌غدا هه‌یه"
فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق هۆشداریی ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4/11/2019، گوته‌بێژێك به‌ناوی عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، به‌هۆی سووتاندن و تێكدانی مادده لاستیكی و پاڵنه‌ره مهتاتییهكانی پردی كۆماری به‌غدا كه خۆپیشانده‌ران هه‌وڵ ده‌ده‌ن لێیه‌وه بپه‌رنه‌وه هۆشداریی داوه و ده‌ڵێت: "پردی كۆماری به‌غدا مه‌ترسی هه‌ره‌سهێنانی له‌سه‌ره".
لیوا روكن، عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف، به ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی عێراقی راگه‌یاند: "كه‌مته‌رخه‌می و تێكدان و سووتاندنی پاڵنه‌ره مه‌تاتی و لاستیكییهكانی پردی كۆماری، بووه به‌هۆی دروستبوونی كێشه بۆ پرده‌كه و به‌ره‌و هه‌ره‌سهێنان ده‌ڕوات".
ئه‌و پرده مه‌یدانی ته‌حریر به ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداوه ده‌به‌ستێته‌وه و خۆپیشانده‌ران له سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه تا ئێستا له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پرده‌وه بپه‌ڕنه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق رێگه‌یان ناده‌ن بپه‌ڕنه‌وه و به‌رده‌وام گرژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌یه و گازی فرمێسك‌ڕێژ دژی خۆپیشانده‌ران به‌كارده‌هێنرێت.