به‌وێنه‌ و ڤیدیۆ.. خۆپیشانده‌رانی نه‌جه‌ف ناوی شه‌قامی خومه‌ینی ده‌گۆڕن

ناوی "ئیمام خومه‌نی"ـیان سڕییه‌وه‌ و ناوی نوێیان هه‌ڵواسی

K24- هه‌ولێر:

خۆپیشانده‌رانی شاری نه‌جه‌فی باشووری عێراق ناوی "شه‌قامی ئیمام خومه‌ینی"ـیان له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و شاره‌ بۆ "شیقامی شه‌هیدانی شۆڕشی تشرین" گۆڕی.

له‌ وێنه‌یه‌كدا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نیشان ده‌درێت كاتێك خۆپێشانده‌ران ناوی "شه‌قامی ئیمام خومه‌ینی" ده‌سڕنه‌وه‌ و چه‌ند دروشمێك له‌ شوێنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌واسن، كه‌ له‌سه‌ریان نووسراوه‌: "به‌ فه‌رمانی گه‌ل.. شه‌قامی شه‌هیدانی شۆڕشی تشرین".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی درووشمه‌كاندا خۆپیشانده‌ران ئێران به‌ هۆكاری نه‌هامه‌تییه‌كانی عێراق ده‌زانن و نووسیویانه‌، "ئێران هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌هامه‌تییه‌كانی عێراق و رووخاندنی ژێرخانه‌كه‌یه‌تی".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ 18ی شوباتی ساڵی 2015، شاره‌وانی نه‌جه‌ف به‌ بڕیارێك ناوی له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌ی به‌ ناوی سه‌ركرده‌ی شۆرشی ئیسلامی له‌ ئێران "ئیمام خومه‌ینی" ناساند، ئه‌مه‌ش ئه‌خنه‌ی توندی هاووڵاتیانی به‌دوای خۆیدا هێنا.

له‌ 25ی ئوكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌، شه‌پۆلێك خۆپێشاندانی دی به‌ حكوومه‌ت شه‌قامی عێراقی گرته‌وه‌ و له‌ توندوتیژییه‌كاندا زیاتر له‌ 250 كه‌س كوژران و به‌ هه‌زارانی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌ سه‌ره‌تادا خۆپێشانده‌ران داوای خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئاو، كاره‌با، هه‌لی كار، دامه‌زراندن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر و دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌كان سواری شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌كان بوون، خۆپێشانده‌ران میچی داواكارییه‌كانیان بۆ رووخاندنی حكوومه‌ت به‌رز كرده‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا ده‌گوترێت، ئه‌و كێشانه‌ی رووبه‌ڕووی عێراق بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ڵه‌كه‌بووی گه‌نده‌ڵییه‌كانی سه‌رده‌می حكوومه‌ته‌كانی پێشووه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌، حكوومه‌تی ئێستای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ڵێنی چاكسازی له‌ چه‌ندین بواری جیاواز داوه‌.  

H.B