خۆپیشانده‌رانی به‌سره زرێپۆشێكیان راده‌ستی سوپا كرده‌وه
دوێنێ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو
K24 – هه‌ولێر:
له به‌نده‌ری ئوم قه‌سری ئه‌و په‌ڕی باشووری عێراق، خۆپیشانده‌ره عێراقییه‌كان ئه‌و زرێپۆشه‌یان راده‌ستی سوپا كرده‌وه، كه دوێنێ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایگه‌یاند، زرێپۆشه‌كه له لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ ناوه‌ندێكی سوپا.
هاووڵاتیانی خۆپیشانده‌ری به‌سره ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به‌نده‌ری ئوم قه‌سریان داخستووه و داوا ده‌كه‌ن، حكومه‌ت به ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه بێت.
پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی له په‌یامێكدا هۆشداری دابوو له مه‌ترسی داخستنی به‌نده‌ی ئوم قه‌سر و رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر كاره‌كانی به‌نده‌ره‌كه په‌كیان بكه‌وێت، هه‌ندێك بابه‌تی خۆراكی گرنگ له بازار كه‌مده‌بنه‌وه و نرخیان هه‌ڵده‌كشێت.