خۆپیشاندانەكان رەوشی عێراق ئاڵۆزتر دەكەن
سەدان چالاكوان دەستگیر كراون
K24 - ھەولێر
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق بەردەوامن سەدان چالاکوانی خۆپیشاندانەکانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون.
چەند سەرچاوەیەك ئەوە دەخەنەڕوو، لە کاردانەوەی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بەغدا و شارەکانی دیکە، هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، دەستییان بە هەڵمەتێکی رەشبگیری و رفاندنی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان کردووە.
بەگوێرەی هەواڵی چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی، دەزگای هەواڵگری عێراق و هێزەکانی سوات، سەدان کەسییان لەگەڕەکەکانی ئیسکان، وەشاس، عەلاوی لە رۆژئاوای بەغدا و هەروەها ناوچەکانی ساڵحییە، دەورووبەری گۆڕەپانی تەحریر، حوسەینییە، سەدر، کازمییە، حەی ئور، مەشتەل و بەغداد جەدیدە دەستگیرکردووە، لە شارەکانی دیکەش بە هەمان شێوە سەدان کەس دەستگیرکراون.
پێشتریش، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، دەستگیکردنی ئەو کەسانەی بە پرۆسەی رفاندنی رێکخراو پێناسەکردووە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی سەرجەم دەستگیرکراوانی کردووە.
ھاوكات جارێکی دیکە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق هاتە دەنگ و لە راگەیەنراوێکی رێکخراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی راپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەسەر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بەردەوامن، ئەمەش مایەی نیگەرانییە و پێویستە دان بەخۆداگرتن هەبێت و لێکۆڵینەوەیەکی روونیش لە رووداوەکانی ئەمدواییە ئەنجام بدرێت.
هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای گفتوگۆی نێوان حکوومەت و خۆپیشاندەرانی کردووە.
پێشتریش چەندینجار، نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی لە دۆخی ئێستای عێراق دەربڕیووە.
ھ.م