فه‌ره‌نسا ئیدانه‌ی توندوتیژییه‌كانی عێراق ده‌كات
داوای "دانووستانێكی ئاشتیانه و دیموكراتیانه" ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
فه‌ره‌نسا ئیدانه‌ی "توندوتیژییه مه‌ترسیداره‌كانی" عێراقی كرد. داواشیكرد، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق "دانووستانێكی ئاشتیانه و دیموكراتیانه" له وڵات ده‌ستپێبكه‌ن.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، "ئه‌نییس ڤۆن دێر مۆل" رایگه‌یاند، پاریس "ئیدانه‌ی كرده‌وه توندوتیژییه مه‌ترسیداره‌كانی رۆژانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق ده‌كات".
گوتیشی: "فه‌ره‌نسا نیگه‌رانه له كرده‌وه‌كانی ترساندن و هه‌ڕه‌شه‌كردن له رۆژنامه‌نووسانی عێراق".
هه‌روه‌ها گوتی: "دوای چه‌ند ساڵێك له شه‌ڕ و بنیاتنانی دیموكراتی، پێویسته گفتوگۆیه‌كی ئاشتیانه و دیموكراتیانه له وڵاته‌كه ده‌ستپێبكات".
روونیشیكرده‌وه، "فه‌ره‌نسا هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌دات، گفتوگۆ بكه‌ن و چاكسازی ده‌ستپێبكه‌ن و وه‌ڵامی خواستی ره‌وای هاووڵاتیان بده‌نه‌وه".
له سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردوودا، شه‌پۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه و هاووڵاتیان داوای چاكسازی ریشه‌یی و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ن.
له ئاكامی توندوتیژییه‌كانی عێراقدا تا ئێستا 280 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و سه‌دانی دیكه بریندار بوون.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس
ئ.ر