"عێراق بە بۆمبی ئێرانی خۆپیشاندەران دەکوژێت"

ئەمنستی: بۆمبە فرمێسکڕێژە کوشندەکانی عێراق ئێرانین

K24 – هه‌ولێر:

لە راپۆرتێکی نوێیدا لە بارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) ئاشکرایکردووە، ئەو بۆمبە فرمێسکڕێژانەی بۆ کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق بەکاردێن، ئێرانین.

لە راگەیەنراوێکی ئەمنستی هاتووە، بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی بەردەست کەوتوون، ئەو بۆمبە فرمێسکڕێژانەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە دژی خۆپیشاندەران بەکاری دێنن، ئێرانی و سڕبین، کە بۆ کوشتنیان نەوەک بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاردێن.

ئەمنێستی روونیشیکردووەتەوە، بەشێکی زۆر لە بۆمبە فرمێسکرێژەکان لە جۆری ئێم 713 و ئێم 651، لە لایەن رێکخراوی پیشەسازیی بەرگری ئێرانییەوە بەرهەم هاتوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمنستی زانیاری لە بارەی ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان نییە کەم ئەمجۆرە بۆمبە فرمێسکڕێژە بەکار دەهێنن، بەڵام داوا دەکات بە زووترین کات ئەو بۆمبانە دووربخرێنەوە و بەکار نەیەن؛ لێکۆڵینەوەی روون و ئاشکراش بۆ سزادانی سەرپێچیکاران ئەنجام بدرێت.