جۆن بۆڵتون چه‌ند نهێنییه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌كارلادانی تره‌مپی لایه به‌ڵام مه‌رجی بۆ ئاشكراكردنیان هه‌یه
"بۆڵتون ترسی زۆری له مامه‌ڵه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا هه‌بوو"
K24- هه‌ولێر:
پارێزه‌ری جۆن بۆڵتون، راویژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، بۆڵتون خۆی له چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌شداری كرده‌وه و زانیاری هه‌ستیاری لایه، كه تائێستا له دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به هه‌وڵه‌كانی له‌كارلادانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له پۆسته‌كه‌ی، باس نه‌كراون، به‌ڵام وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، "بۆڵتون ره‌تی ده‌كاته‌وه ئه‌و زانیاریانه ئاشكرا بكات، تا ئه‌و كاته‌ی دادگای فیدراڵی ئه‌مه‌ركا ململانێ و ناكۆكییه‌كانی نێوان كۆشكی سپی و لێژنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كلایی ده‌كاته‌وه".
به‌گوێره‌ی تۆڕی میدیایی "CNN"ـی ئه‌مه‌ریكی، چارلز كۆپه‌ر، پارێزه‌ری بۆڵتون گوتارێكی بۆ په‌رله‌مانتار و كۆنگرێسمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نووسیوه و تێیدا باسی ئه‌وه ده‌كات، كه بریكاردارهكهی چه‌ند به‌شداری له چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به له‌كارلادانی دۆناڵد تره‌مپدا كردووه و زانیاری له‌باره‌ی به‌شێك له‌و كۆبوونهوهانهی لێ وهرگریراوه به‌ڵام چه‌ندین وه‌رده‌كاری و زانیاریی هه‌ستیاری له‌باره‌ی به‌شێك له كۆبوونه‌وه‌كانی دیكه‌ی لایه كه هێشتا ئیفاده‌ی له‌باره‌یانه‌وه لێ وه‌رنه‌گیراوه.
وێڕای گرنگیی بۆڵتون بۆ شایه‌تیدان له‌سه‌ر ئه‌و زانیارییانه كۆپه‌ر دووپاتیكرده‌وه، بریكاردارهكهی ره‌تی ده‌كاته‌وه شایه‌تی له‌مباره‌یه‌وه بدات و زانیارییه‌كان ئاشكرا بكات، تا ئه‌و كاته‌ی دادگا بڕیاری خۆی له‌باره‌ی ناكۆكیانه نه‌دات، كه له‌سه‌ر پارێزبه‌ندی به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له نێوان كۆنگرێس و كۆشكی سپی هاتوونه‌ته ئاراوه.
بۆڵتون پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ناو ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و رووداوه گرنگانه‌دا هه‌یه، كه په‌یوه‌ندییان به لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌كارلادانی تره‌مپه‌وه هه‌یه، له‌وانه‌ش پرسی ئۆكرانیا و لێپرسینه‌وه‌كانی جۆ بایدن، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2016ـه‌وه هه‌یه، كه به "رێككه‌وتنی مادده هۆشبه‌ره‌كان" ناسراوه.
ئه‌و ترسی له په‌یوه‌ندی نێوان تره‌مپ و ئۆكرانیا هه‌بوو
زۆرێك له‌و شایه‌تحاڵانه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كان بانگ‌كراون رایانگه‌یاندووه، بۆڵتون ترسی زۆری له مامه‌ڵه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا هه‌بوو، بۆیه كاتێك رودی جولیانی، پارێزه‌ری سه‌رۆك تره‌مپ چه‌ند كارێكی ئه‌نجامدا، كه گومان ده‌كرا پێچه‌وانه‌ی یاسا بن، بۆڵتون فه‌رمانبه‌رانی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی زه‌نگی هۆشداری لێ بده‌ن.
هه‌روه‌ها به‌رپرسی یه‌كێك له لێژنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كه سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ن گوتی: ئه‌و لێژنانه به‌باشیان زانیوه كه بۆڵتون بۆ شایه‌تیدان بانگهێشت نه‌كرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پارێزه‌ره‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یانكرد، كه ئه‌و جۆره پرسانه ده‌به‌نه دادگا و له‌وێ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه‌ش بۆڵتون له دانیشتنی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ئاماده نه‌بوو.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا بۆ تۆڕی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی، به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "پێشوازی له شایه‌تیدانی بۆڵتون ده‌كه‌ین، به‌ڵام له دانیشتنی ئه‌مڕۆ ئاماده نه‌بوو و وه‌ك پارێزه‌رانی بۆڵتون جه‌ختیان كرده‌وه، ئه‌گه‌ر بریكاردارهكهیان بانگهێشت بكه‌ین، ئه‌و پرسه ده‌گوازنه‌وه بۆ دادگا و ده‌بێت له‌وێ یه‌كلایی بكرێته‌وه".
بۆڵتون بڕیاریدا بۆ شایه‌تیدان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه نه‌بێت
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، "به‌داخه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بۆڵتون بڕیاری داوه ئاماده نه‌بێت، هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كمان له‌وه‌دا نییه كه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و جه‌نگێكی ماندووكهرهوه ببه‌ین، كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێك ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وام بێت. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، ئاراسته‌كانی كۆشكی سپی به‌و لایه‌دان كه بۆڵتون شایه‌تی نه‌دات، چونكه ئه‌و شایه‌تیدانه زیادكردنی سووته‌مه‌نییه بۆ سه‌ر ئاگره‌كه‌ی نێوان سه‌رۆك و كۆنگرێس".
H.B