دەستەی گەشتوگوزار: متمانەی گەشتیارانی بیانی بە ئاسایشی هەرێم لە ئاستێکی باڵادایە
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیری هۆکاری سەرەکیی راکێشانی گەشتیارانە بۆ هەرێمی کوردستان و بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکان و رەزامەندیی تەواوی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ئاسایش بنەمای گەشەی هەموو وڵاتێکی گەشتیارییە و گوتی: «خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدایە، بەڵام ئاسایشێکی تەواوی هەیە و ئەمەش وایکردووە هەمیشە جێی بایەخی میدیا نێودەوڵەتییەکان بێت، هەروەها ئەو راوبۆچوونانەی لە گەشتیاران، بەتایبەتی لە گەشتیارانی بیانی وەرمانگرتووە، زۆر دڵخۆشکەرە و هەست بە پارێزراوییەکی تەواو دەکەن، تەنانەت دیاردەی وەک دزیکردن و بێزارکردنی گەشتیاران کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا هەیە، لێرە بە دەگمەن نەبێت بوونی نییە و لە کاتی هەر رووداوێکیشدا دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ بەدەم کێشەکانەوە دەچن و چارەسەری دەکەن».
ئیبراهیم عەبدولمەجید جەختیکردەوە، پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لەو پێناوەشدا هەماهەنگییەکی زۆر بەهێز لەنێوان دەستەی گەشتوگوزار، وەزارەتی ناوخۆ، ئاسایش، پۆلیس و تیمەکانی تەندروستیدا هەیە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ میوانان فەراهەم بکرێت.
سەبارەت بە کاریگەریی گرژییە ناوچەییەکان، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دیکەی دەوروبەر زۆر خێراتر گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی، چونکە زۆرینەی هەرە زۆری گەشتیاران لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە لە رێگەی وشکانییەوە سەردان دەکەن، بۆیە داخستنی کایەی ئاسمانی نەبووە هۆی داڕمانی کەرتی گەشتیاری و تەنانەت لە گەرمەی گرژییەکانیشدا هیچ بنکەیەکی گەشتیاری دانەخرا و هاتنی گەشتیاران بەردەوام بوو.
دەربارەی ئاماری گەشتیارانیش ئاشکرای کرد، ماوەی دوو ساڵە بە فەرمی ژمارەی گشتیی گەشتیاران راناگەیەنن، چونکە دەستەکە چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا، بە جۆرێک دەیانەوێت بزانن گەشتیار لە کوێوە هاتووە، بۆ کوێ دەچێت، چ جۆرە گەشتوگوزارێک سەرنجی راکێشاوە، چەند شەو دەمێنێتەوە، چەند خەرج دەکات و داتای ورد لەسەر رەگەز و تەمەنیان کۆبکەنەوە، تاوەکو لە داهاتوودا بە وردی کار لەسەر پەرەپێدانی کەرتەکە بکرێت.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، 102 پڕۆژەی گەشتیاریی جێبەجێکراوە، هاوکات دەیان رێگەوبان بە مەبەستی ئاسانکاری هاتوچۆ و کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو یان دروستکراوە یان نۆژەن کراوەتەوە، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی گەشتیاران بە کاتێکی کەمتر لە کەشێکی ئارام و دوور لە مەترسی سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.