لە هەولێر فیلمی سینەمایی 'دوا گۆرانی' نمایشکرا
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، فیلمی سینەمایی "دوا گۆرانی"، لە دەرهێنانی میلاد فەیزوڵڵا بیکییە، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرا.
چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی سینەمایی دوا گۆرانی"، لە دەرهێنانی میلاد فەیزوڵڵا بیکییە و هەر یەکە لە شاباز زەمانی و رەزوان جەهودامی و زایدی زەندی رۆڵی تێدا دەگێڕن و فیلمەکە چیرۆکێکی درامی و هونەری قووڵ دەگێڕێتەوە کە تێیدا هونەر و مۆسیقا دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە بڕیار و چارەنووسی کەسایەتییەکان."
شاخەوان مستەفا زیاتر باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی تیشک دەخاتە سەر ژیانی هونەرمەندێک یان گەنجێک کە لە نێوان خولیا هۆگرییەکانی بۆ مۆسیقا و ئاڵۆزییەکانی ژیانی رۆژانە و پەیوەندییە سۆزدارییەکانیدا دەکەوێتە ململانێیەکەوە؛ لەم رێگەیەشەوە فیلمەکە ئازار، خۆشەویستی، و بەرەنگاربوونەوەی رێگرییەکانی کۆمەڵگە دەخاتەڕوو، تا ئەو شوێنەی دوا گۆرانیی پاڵەوانەکە دەبێتە رەنگدانەوەی تەواوی بەسەرهات و ئەزموونە تاڵ و شیرینەکانی ژیانی."
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک بێبەرامبەر فیلمی سینەمایی لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش دەکات.