نەتەوە یەكگرتووەكان چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق دەخاتەڕوو
"دەستەی دەستپاکی ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی بداتە دادگا"
K24 - ھەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەركردنی کێشەکانی عێراق دەخاتەروو کە لەنێویاندا گۆڕینی چەند بڕگەی دەستووریی و یاسای هەڵبژاردن و دانانی یاسای نەوت و گاز و دادوەری هەیە.
لە راگەیەندراوێكدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، دوای راگۆڕینەوە لەگەڵ لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین پێشنیاز و رێکار دەخاتە بەر عێراق بۆ کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەوانە، ئازادکردنی سەرجەم گیراوەکانی خۆپیشاندانەکان، و کۆتاییهێنان بە گرتنی خۆپیشاندەران، لێکوڵینەوە لە حاڵەتی رفاندنی چالاکوانان و دادگایکردن و سزادانی ئەوانەی هێزی لە رادە زیادیان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، داواکردن لە لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا بۆ دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
هەر لە راگەیاندراوەکەدا داواکراوە، بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دابنرێ و پەسەند بکرێ، هەروەها گۆرێنی دەستوور و خستە ریفراندۆمی لەماوەی مانگێک تا سێ مانگ، و کۆتایی هێنان بە دیاردەی چەکداریی و گەڕانەوەی چەک بۆ ژێر دەسەڵاتی حکوومەت.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز دەکات کە دەستەی دەستپاکی ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی بداتە دادگا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدات، هەروەها داوا دەکات پەلە بکرێت لە ئامادەکردن و پەسەندکردنی یاساییەکانی نەوت و گاز، دادگای فیدڕاڵی و چەند یاساییەکی دیکە.
ھ.م