سەرۆکایەتییەکانی عێراق داواكانی خۆپیشاندەران تاوتوێ دەكەن
"جەختیان لەسەر کردنەوەی دۆسییەی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنیان کردووەتەوە"
K24 - ھەولێر
هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانە و دەستگیرکردنیان کرایەوە، کە تووندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن و لەڕێگەی رفاندن و دەستگیرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و خۆپیشاندەرانەوە، هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەدەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەختیان لەسەر کردنەوەی دۆسییەی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنیان کردووەتەوە، جا لە هەر پۆست و پلەیەکدابن، هەروەها کار لەسەر دەرکردنی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کراوەتەوە.
هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، کار لەسەر گفتوگۆیەکی نیشتمانی و پێداچوونەوە بە سیستمی حکومڕانی و دەستووری ئەو وڵاتە دەکرێت، هەروەها روونیانکردووەتەوە، کە خۆپیشاندان هۆکارێکی باشە بۆ گوشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان و حکوومەت.
ھ.م