عادل عه‌بدولمه‌هدی: عێراق پێویستی به هه‌مواری ده‌ستووری و چاكسازییه
خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك گرنگه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، "عادل عه‌بدولمه‌هدی" رایگه‌یاند، "خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك گرنگه، به‌ڵام پێویسته لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و خۆپیشاندانانه تێپه‌ڕێنین و رێگه نه‌ده‌ین پشێوی باڵ بكێشێت به‌سه‌ر وڵات‌دا و گه‌نده‌ڵی زیاتر بێت".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (12ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019) له میانی كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا گوتیشی: "ناكرێت و گونجاو نییه، حكومه‌تێك ته‌مه‌نی چه‌ند مانگێك بێت بخرێته ژێر باری به‌رپرسیارێتی كۆی پرسی گه‌نده‌ڵی له وڵات‌دا".
گوتیشی: "به دڵنیاییه‌وه هه‌ندێك تێكده‌ر به مه‌به‌ست هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت، خۆپیشاندان مافی خه‌ڵكه و پێویسته ئه‌و مافه به مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌كار بهێنرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "عێراق پێویستی به هه‌مواری ده‌ستوور و چاكسازی له سیستمی هه‌ڵبژاردن هه‌یه".
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، كه بڕیار بوو رۆژی (1ی نیسان/ ئه‌پریلی 2020) به‌ڕێوه‌بچێت، دواخست و پڕۆژه یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی په‌سند كرد و هه‌ردوو پڕۆژه‌كه ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات بۆ په‌سند كردنیان.