كۆشكی سپی پشتگیری خۆی بۆ گەلی ئێران دووپاتكردەوە

"پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی و پێشخستنی مووشەكەكانی و پاڵپشتیكردنی تیرۆرە"

K24 - ھەولێر

كۆشكی سپی پشتگیری خۆی بۆ گەلی ئێران دووپاتكردەوە و رایگەیاند، تائێستاش تاران لە پشتیوانیكردنی تیرۆر بەردەوامە.

لە پەیامێكدا كۆشكی سپی بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەمەریكا پشتیوانی لە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكانی ئێران دەكات دژی سیستمی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستاش تاران بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی تیرۆر و پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

ھەروەھا كۆشكی سپی بەكارھێنانی ھێزی دژ بە خۆپیشاندەران و بەربەستەكانی بەردەم ھێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سەركۆنە كردووە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەشدا ئاماژە بەوە دەكات "ئێران بەو پەڕی توانایەوە سوورە لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و پێشخستنی مووشەكەكانی و پاڵپشتیكردنی تیرۆر، دەسەڵاتداران پشتیان لە خەڵك كردووە و دەیانەوێت دەستكەوتی تاكەكەسی بەدەستبھێنن".

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەكان كردبوو.

ھ.م