هه‌وڵی كوشتنی نوێنه‌رێكی رێبه‌ری ئێران ده‌درێت
نوێنه‌ری رێبه‌ری ئێران و وتاربێژی نوێژی هه‌ینی شاری یه‌زده
K24 - هه‌ولێر:
میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه، هه‌وڵی كوشتنی ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د ناسری یه‌زدی، نوێنه‌ری رێبه‌ری باڵای ئێران له شاری یه‌زد دراوه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی ئیرنا رایگه‌یاند، هه‌وڵی كوشتنی نوێنه‌ری رێبه‌ری ئێران و وتاربێژی نوێژی هه‌ینی شاری یه‌زد دراوه، هه‌وڵه‌كه پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌ك له هێرشكه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان رایانكردووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێرانی رایگه‌یاند: "سوپای پاسدارانی ئێران 150 خۆپیشانده‌ری له شاری كه‌ره‌ج ده‌ستگیركردووه كه به "ئاژاوه‌گێر" ناوی بردوو و گوتوویانه، له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات مه‌شقیان پێكراوه بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌سه‌ر موڵك و ماڵی گشتی و به‌و رێگایه پاره‌یان ده‌ستكه‌وێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاژانسه ئێرانییه‌كه ده‌یڵێت.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به‌هۆی گرانكردنی نرخی به‌نزین له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه، له تاران و زۆربه‌ی شار و ناوچه‌كه‌كانی ئێران خۆپیشاندان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه روویدا و به‌و هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س كوژران و بریندار بوون.
وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و ئیتڵاعاتی ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌یان له خۆپیشانده‌ران كردووه، ئه‌گه‌ر ئارامی خه‌ڵك تێكبده‌ن هێزی زیاتریان له دژ ده‌جوڵێنرێت و سه‌ركوت ده‌كرێن.