12 كوتله و لایه‌نی سیاسی سه‌ره‌كی له عێراق 45 رۆژ مۆڵه‌تیان دایه حكومه‌ت
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی خۆپیشانده‌رانی عێراق
K24 – هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، دوێنێ كۆبوونه‌وه و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی خۆپیشانده‌رانی عێراق له‌سه‌ر چه‌ند بڕیار و رێككارێك رێككه‌وتن.
یادداشتنامه‌ی بڕیار و رێككاره‌كان له لایه‌ن 12 قه‌واره‌ی سیاسییه‌وه واژوو كراوه و تێیدا رازی بوون یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ستكاری بكرێت و رێگه به سه‌ركه‌وتنی پاڵێوراوی سه‌ربه‌خۆ بدرێت و كۆمیسیۆنێكی نوێی هه‌ڵبژاردن پێكبهێنرێت و گۆڕانكاری له كابینه‌ی حكومه‌تدا بكرێت.
لایه‌نه‌كان دا‌واشیان كردووه، حكومه‌ت و لایه‌نه ئه‌منییه‌كان ئه‌و ده‌ستانه ئاشكرا بكه‌ن، كه تاوانیان به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامداوه و رووبه‌ڕووی دادگایان بكه‌نه‌وه و چاره‌نووسی رفێندراوه‌كانیش دیاری بكرێت.
لایه‌ن و كوتله سیاسییه‌كانی به‌شدار له حكومه‌ت و په‌رله‌مان واده‌ی 45 رۆژیان داناوه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی چاكسازی و ئه‌گه‌ر حكومه‌ت شكستیهێنا له جیبه‌جێكردنی ئه‌و داواكاریانه ئه‌وا پابه‌ند ده‌بن به گۆڕینی حكومه‌ت و له‌كارخستنی و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیان ده‌وێت.
هه‌ریه‌ك له هاوپه‌یمانی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی واژوویان له‌سه‌ر یادداشته‌كه كردووه.