پێنتاگۆن: داعش سوودی لە هێرشەکانی تورکیا بینیوە

"کشانەوەی ئەمەریکا سوودی بۆ داعش هەبووە"

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی راپۆرتێکی پێنتاگۆن چەکدارانی داعش بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانیان سوودیان لە هێرشەکانی تورکیا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بینیوە.

نووسینگەی پشکنەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە چەکدارانی داعش بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانیان لە سووریا و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی ئەو وڵاتە سوودیان لە هێرشەکانی تورکیا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بینیوە.

راپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە چەکدارانی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرش لە رێگەی تۆڕەکانیانەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا کاتیان پێویستە و هۆشداریشی داوە لەوەی رەنگە لە داهاتوودا چەکدارانی داعش جارێکی دیکە دەست بەسەر چەند ناوچەیەک لە سووریادا بگرنەوە.

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بووەتە هۆی لاوازکردنی جەنگی دژ بە داعش لە سووریا و وڵاتانی رۆژئاوا چەند جارێک هۆشدارییان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش داوە.

 H.J