فالح فەیاز: هەرێم و بەغدا لەسەر راستەڕێیەکی باشن

دووەم رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

لە دووەم رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی زۆری هەیە.

فالح فەیاز گووتی: "کێشەی کورد یەکێکە لە کێشە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێکە لە هۆکارەکانی ناسەقامگیریییەکان".

راشیگەیاند: "پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق هەلێک بوو بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان. پێویستە نەخشەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت و بەگوێرەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە لە راستە رێگایەکی باشداین بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و ئەم هەنگاوەکانەمان لە سەرۆک وەزیران تێبینی کردوە و خواستی چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە".

دووپاتیشکردەوە: "کوردستان دەتوانێت رۆڵیشی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و دەبێت ئێمە هەموو پێکەوە هاوبەش بین لە عێراق. دەبێت لە کاتی هەموارکردنەوەی دەستوور رەچاوی مافی هەموو لایەنەکان بکرێت".

هەروەها ئەوەشی راگەیاند، چۆن لە هەرێمی کوردستان کێشەی ناوخۆ هەیە، لە عێراقیش هەمان کێشە هەیە. رەنگە ململانێی ئەمەریکا و ئێران یەکێک بێت لەو کێشانە.

ئەوەی ئێستا روودەدات کەڵەکەبوونی دەسەڵاتی خراپە. من بڕوام وانییە دەستوور هۆکارێک بێت بۆ ئەم کێشانە، بەڵام دەبێت گرنگی زیاتری پێ بدەین.

روونیشکردەوە، بازدان بەسەر دامەزراوە شەرعییەکانی عێراق، دۆخی عێراق هاوشێوەی سووریا لێ دەکات.

 H.J