مەسرور بارزانی: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ بەغدا هەبێت
"گەشەکردنی ئابووری، سەقامگیریی سیاسی دەهێنێتە ئارا"
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دیبەیتێکی تایبەتی (دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)، كه لە زانكۆی ئه‌مه‌ریكی - كوردستان له دهۆك به‌ڕێوه‌چوو، ڕوانگه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ پرسه گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه، كێشه و شه‌ڕ و ئاواره‌بوونی خه‌ڵك و كێشه به‌رده‌وامه‌كانی ناوچه‌كه خسته‌ڕوو. دواتر وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری تایبه‌ت به هه‌لومه‌رج و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ی دایه‌وه، كه له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه ئاراسته‌ی كران.
ئەمەش پوختەی وەڵامەکانی مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە دیبەیتەکەدا کە بەزمانی ئینگلیزی پێشکەشی کرد:
داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، یارمه‌تیمان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هاوكاری ئاواره و په‌نابه‌ران بكه‌ین
كێشه مرۆییه‌كان دەرئەنجامی كێشه‌ی دیكه‌ن. یه‌كێك له مه‌زنترین كێشه‌كانیش، ئاسایش بووه. سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر، پاكتاوی نه‌ژادیی، ناکۆکییە سیاسییه‌كان، داڕمانی ئابووری، ئه‌مانه هه‌موو وایان كرد ئاواره و په‌نابه‌ر له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه زیاد بن. ئێستا ده‌بینین خه‌ڵكانێكی زۆر دێنه هه‌رێمی كوردستان، چونكه هه‌رێمی كوردستان زۆر ئارامتره. رێز له خه‌ڵك ده‌گرێت و ئه‌وانه‌ش ده‌پارێزێت، كه له ترسی تیرۆر و تۆقاندن راده‌كه‌ن. له زۆر پرسیشدا به هۆی ئه‌و شێوازه‌ی ژیان كه ده‌یگوزه‌رێنن، راده‌كه‌ن. ئێستا ئێمه یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره و په‌نابه‌رمان له خۆ گرتووه. له‌م نزیكانه‌ش ده‌بینین په‌نابه‌ر له سووریاوه هاتوون. پێموایه نزیكه‌ی شازدە هه‌زار سنووره‌كانیان تێپه‌ڕاندووه و له كۆمه‌ڵگه‌كانی په‌نابه‌ران نیشته‌جێ كراون.
من سه‌ردانی كه‌مپه‌كانم كرد. ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌وانم دیت. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسه به ته‌واوی كۆتایی پێ بێت، ده‌بێت له بناغه‌وه په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر كێشه‌كان و بپرسین بۆچی خه‌ڵك ناوچه‌كه جێ ده‌هێڵن و راده‌كه‌ن؟ ده‌بینین ته‌واوی هه‌رێمه‌كه له شلۆقی و كێشه دایه. زۆرێك له‌و خه‌ڵكه‌ی ناوچه‌كه‌یان جێ ده‌هێڵن، روو لێره ده‌كه‌ن. چونكه له ناوچه‌ی خۆیان هه‌ست به ئارامیی و پارێزراوی ناكه‌ن. هه‌ست ناكه‌ن په‌ناگه‌یه‌كیان هه‌یه تێیدا بحەسێنەوە. ئه‌مه به‌رپرسیارێتییه‌كی مه‌زنه بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ركێكی قورسه. چه‌ند ساڵێكه ئه‌و ئه‌ركه‌مان خستووه‌ته ئه‌ستۆی خۆمان. داوا له حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، هاوكاریمان بكه‌ن، به‌ڵام هاوكارییه‌كان له‌و ئاسته‌دا نین، کە ئه‌ركی قورسی سه‌ر شانی ئێمه كه‌م بكه‌نه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كه له ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستانه. زیاتر له ملیار و نیوێك دۆلار خه‌رجیی ساڵانه‌ی ئه‌و بابەتەیە. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له رێگه‌یه‌وه هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكه بكرێت و بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام بێگومان ئه‌وان ناگه‌ڕێنه‌وه ئه‌گه‌ر ئاسایش و ئارامیی و شوێنەکەیان پارێزراو نه‌بێت. ئه‌وان ناگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایی، قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، كار و مووچه‌یان نه‌بێت. دوای تێكشانی داعش، خه‌ڵكی هه‌ندێك ناوچه ویستیان بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام كاتێك گه‌ڕانه‌وه، بینیان ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی هه‌یانه، نیوه‌ی ئه‌وه‌یه له كه‌مپه‌كانی هەرێمی کوردستان هه‌یانبووه، بۆیه دووبارە هاتنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئێمه داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، یارمه‌تیمان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هاوكاری ئاواره و په‌نابه‌ران بكه‌ین. هه‌روه‌ها یارمه‌تیان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان. ئه‌گه‌ر ده‌ست نه‌كرێت به دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، ئه‌وه گەڕانەوەیان ئه‌سته‌م ده‌بێت. بێجگه له‌وه‌ش، دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه پێویسته‌كان گرنگه. ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی عێراقه، هه‌روه‌ها ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه هاوكاری بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه. هیوادارم وه‌ك ئه‌ركێكی ئەخلاقیانە، وه‌ك ئه‌ركێك كه له ئه‌ستۆیانه، یارمه‌تیمان بده‌ن.
داعش كۆتایی نه‌هاتووه
پێموانییه داعش کۆتایی هاتبێت. ره‌نگه لێكدانه‌وه‌ی دیكه هه‌بێت. ئه‌مه هزر و ئایدۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ته. ئه‌وان كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كانیان له‌ده‌ست داوه، به‌ڵام داعش وه‌ك هزر و ئایدۆلۆژیا ماوه‌ته‌وه. چه‌كداریشیان هه‌یه و هه‌زاران پشتیوانیشیان له عێراق و سووریا و ناوچه‌كه هه‌یه. بۆ تێكشكاندنی داعش هەڵمەتی سەربازی بەس نییە و ده‌بێت رێگری له هۆكاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی داعش بكرێت له عێراق و سووریا.
كاتێك ئاسایش نییە، تیرۆر گه‌شه ده‌كات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ندێك هۆكار هه‌ن، ده‌بنه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر. بۆ نموونه، شكستی سیاسیی، یان حوكمڕانیی، داڕمانی ئابووریی، هه‌ژاریی و نه‌بوونی دادپەروەریی هۆكارن و پاڵنه‌رن بۆ دروستبوونی داعش و گرووپ و میلیشیا چه‌كدارییه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆر له‌ناو به‌رین، ده‌بێت ئاماژه به‌و كێشانه بكه‌ین. ده‌بێت تێگه‌یشتن و رێككه‌وتنی سیاسیی له نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی متمانه به خه‌ڵك بگێڕنه‌وه و باوه‌ڕیان لا دروست بكه‌ن و هه‌ست به نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه له حكوومه‌ت بكه‌ن و ئابوورییه‌كی باش هه‌بێت و خه‌ڵكیش مووچه و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان پێ بگات، پێویسته ئارامیی و ئاسایش هه‌بێت، بێ ئاسایش ئه‌و شتانه به‌رقه‌رار نابن. واته پرسه‌كه وه‌ك بازنه‌یه‌ك وایه و یه‌كدی ته‌واو ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئاسایشی باشت هه‌بێت، كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئابووریی باشترت هه‌بێت و ئابووریی باشیش ده‌بێته هۆی سه‌قامگیریی سیاسی. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و هۆكارانه نه‌بێت، ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه له بازنه‌كه ده‌پچڕێت. كاتێك باس له تیرۆر ده‌كرێت، ئه‌و بنچینانه هه‌ن و پێمانوایه له عێراق و سووریا به روونی ئاماژه‌یان پێ نه‌دراوه. پێموانییه داعش شكستی ته‌واوه‌تی هێنابێت. ئێمه هه‌ڕه‌شه‌ی داعش ده‌بینین و هێشتا له سووریا و ناوچه‌كه و جیهانیش هه‌ڕه‌شه‌ی داعش كاریگه‌ره. ئه‌وه پێویستی به هاوكاریی ته‌واوی لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی، چۆن ده‌توانرێت به ته‌واوی تیرۆر له‌ناو به‌رن و ئاشتی به‌رقه‌رار بكه‌ن.
ئه‌جێنداكان تێكه‌ڵ به داوای خۆپیشانده‌ران کراون
خۆپیشانده‌ران مافی خۆیانە نیگه‌رانیی خۆیان ده‌ربڕن. ئێمه پشتیوانیی له داوا ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین کە بە شێوازێکی ئاشتیانە بیخەنەڕوو. ئه‌وان شایانی ژیانێكی باشترن. ئه‌وان شیاوی شێوازێكی باشتری ده‌وڵه‌تداری و ده‌رفه‌تی یه‌كسان و دابینكردنی ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانن، كه پێویسته هه‌موو هاووڵاتییه‌ك هه‌یبێت. كه ئه‌مانه نین، خه‌ڵك خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه، له نێوان ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌یه‌وێت و ئه‌وه‌ش کە ئه‌جێندا سیاسییه‌كان و پارته‌كان ده‌یانه‌وێت، كه ده‌یكه‌نه داوای خۆپیشانده‌ران. پارته سیاسییه‌كان داواكاریی سیاسی‌یان ده‌وێت. هیچ پارتێكی سیاسی ناتوانێت به ناوی ته‌واوی خه‌ڵكه‌وه قسه بكات. خه‌ڵكی ناڕازی هه‌ن، باس له كێشه‌كانی ئێستا ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه بڵێین كه هه‌موویان كۆكن، شتێك له‌و ناوه‌دا ته‌واو نییه، ئێستا بۆچوونێكی یه‌كگرتوو هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه شتێك به هه‌ڵه‌دا براوه. به‌ڵام هه‌موو له‌وه‌دا ناكۆكن كه ده‌بێت چاره‌سه‌ره‌كه چی بێت؟ ئه‌وان یه‌ك چاره‌سه‌ری ئاسانیان نییه. به بۆچوونی ئه‌وان، چه‌ند چاره‌سه‌رێك هه‌یه. له‌سه‌ر شتێك كۆكن، به‌ڵام چاره‌سه‌ری گشتگیریان نییه. ئایا ئەلتەرناتیڤ چییه بۆ قه‌یرانه‌كانی عێراق، یان حكوومه‌تی ئێستا؟ بۆیه، پشتیوانیی لە داوا رەواکانی خه‌ڵك ده‌كه‌ین و پێمانوایه حكومه‌ت پێویستە گوێیان لێ بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانیان له‌به‌ر چاو بگرێت. بەڵام ده‌بێت به هه‌ستیاریشه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئەلتەرناتیڤەکان بكرێت. دەبێ بزانین ئه‌جێنداكان چین و چۆن تێكه‌ڵ كراون به داوای خۆپیشانده‌ران.
حكومه‌تی ئێستا و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق، به به‌رپرسی رووداوه‌كانی عێراق نازانین. ئێمه ئه‌و كێشانه‌مان له پازده -شازده ساڵی رابردوودا تێبینی كردووه. پێمانوایه كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و كێشانه‌یه كه زیادبوون و ئێستا خه‌ڵك باسی ده‌كه‌ن و حكومه‌تی ئێستا به به‌رپرسیار ده‌زانن. پێموانییه ئه‌مه کارێکی رەوا بێت، کە ته‌نیا كابینه‌ی ئێستا به به‌رپرسیار بزانن. پێویسته حكوومه‌ت ده‌رفه‌تێكی هاوسه‌نگی پێ بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ر حكومه‌تێك پێویستییه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، پشتیوانیی بكرێت. ئه‌و ده‌رفه‌ته ئه‌گه‌ر درا، ده‌بێت واده‌یه‌كی پێ بدرێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌و ماوه‌یه‌دا. بە گشتی خوازیارم دۆخی عێراق باشتر بێت.
له جیاتی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، زۆر له مادده‌كانی فه‌رامۆش كران
وه‌ك ئاماژه‌م پێدا. به‌داخه‌وه، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی فراوانه. ئاسان نییه له یه‌ك روانگه‌وه وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی هاوچه‌رخی عێراق له دوای (2003)ه‌وه بكه‌ین، بڕوام وایه عێراقییه‌كان هه‌رگیز ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ نه‌ڕه‌خساوه، بڕیاری خۆیان به ده‌ستی خۆیان بده‌ن. كاره‌كته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان ئه‌جێندای خۆیانیان به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه و ناچاریان كردوون پابه‌ندی بن. له (2005) ویستمان ده‌ستوور بنووسینه‌وه و بڕوامان وابوو، ئه‌مه هه‌موو پێكهاته‌كان قایل ده‌كات. به‌داخه‌وه هیچ لایه‌ك سه‌د له سه‌د پێی رازی نه‌بووین، به‌ڵام خۆی له خۆیدا ده‌ستوور ئاماژه‌یه‌كی باش بوو. كه‌واته پاكێجێك له ئه‌نجامی دانوستانه‌وه هاته دی و ده‌ستوور نووسرایه‌وه و له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی عێراق ده‌نگی پێ درا، به‌ڵام دواتر چی روویدا؟ له بڕی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، زۆرێك له مادده‌كانی ده‌ستوور په‌راوێز خران و فه‌رامۆش كران. حكومه‌تی عێراق و ئیداره جیاجیاكانی، جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك مادده‌یان دیاری ده‌كرد. زۆر به وردیی هه‌ندێك مادده‌یان هه‌ڵده‌بژارد و له بری ناناوه‌ندێتیی (لامرکزیة)، هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی ناوه‌ندێتیی (مركزية)ی حكومه‌تیان ده‌دا. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین پاشخانێكی قووڵی هه‌یه، كه رێگه‌ی داوه ئه‌وانی دیكه تێوه‌بگلێن و ده‌ستتێوه‌ردان بكه‌ن. كاتێك حكومه‌تێكی كارا و گشتگیر و به‌هێز بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی هاووڵاتیان له ئارادا نابێت، ده‌رفه‌ت بۆ كاره‌كته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان ده‌ڕه‌خسێت، تا له گۆڕه‌پانه‌كه یاریی بكه‌ن. عێراق له رووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافییه‌وه وا هه‌ڵكه‌وتووه، كه ستراتیژییه بۆ كاره‌كته‌ره هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. كاتێك عێراق سیاسه‌تی تایبه‌ت به خۆی نەبێت، خه‌ڵكی دیكه ده‌یانه‌وێت سیاسه‌تی خۆیان و ستراتیژی خۆیان بسه‌پێنن. ئه‌مه وای كرد، كێشه‌ی گه‌وره‌تر بۆ وڵاته‌كه دروست بكات. مه‌گه‌ر شتێكی هاوبه‌ش و گشتیی نه‌دۆزرێته‌وه، كه باوه‌ڕ و متمانه بۆ هه‌مووان بگه‌ڕێنێته‌وه و دڵنیایی بداته هه‌مووان. چونكه ده‌بێت دڵنیایی هه‌بێت بۆ داهاتووی خه‌ڵك. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و كێشانه بنبڕ ناكرێت و به شێوازی جیاواز ده‌رده‌كه‌ونه‌وه.ئەوەی ئاشکرایە کە پابه‌ندبوون نییه به جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و رێزگرتن له خواستی هەموو پێكهاته‌كانی عێراق.
ته‌نیا باس له نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه ده‌كه‌ن، نه‌ك هۆكاره‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه
ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. من ناتوانم له بری ئه‌مه‌ریكا قسه بكه‌م. ئه‌مه‌ریكا له رووخاندنی رژێمی سه‌ددام حوسێن رۆڵی هه‌بووه. ئێمه رێزی لێ ده‌گرین و پێزانینمان هه‌یه. خه‌ڵكی عێراق له رژێمێكی خۆسه‌پێن و دیكتاتۆر ئازاد بوون. من ناوی به "ئازادی" ده‌به‌م، له كاتێكدا گوێم لێ بوو، خه‌ڵكانێک به "داگیركاریی" وه‌سفی ده‌كەن. له ده‌ستپێكدا ئه‌مه‌ریكا بوونی خۆی له "ئازادیكار"ه‌وه بۆ "داگیركا‌ر" گۆڕی و ئه‌وه هه‌ڵه بوو. ئه‌مه‌ریكا ده‌یتوانی له‌و لایه‌نه‌وه زۆرتر وه‌به‌رهێنان بكات و خه‌ڵكانێكی زۆر پشتیوانیان بۆ رۆڵی زیاتری ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕی بوو. ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه‌ش، كه به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه. پێویسته ئه‌وه قبووڵ بكه‌ن، عێراق وڵاتێكی جیاوازه. ناكرێت به ئاسانی هه‌موو شتێك بكرێت، فه‌رهه‌نگ و وڵات و ده‌وڵه‌تێكی جیاواز هاوته‌ریب بن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان. ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه ده‌بێت یارمه‌تی عێراق بده‌ن، نه‌ك ئه‌جێندای خۆیان به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنن. به‌رهه‌ڵستكارانی راسته‌قینه، كه وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا رزگار كرد و دواتر ده‌ستپێكێكی نوێیان ده‌ست پێ كرد، بۆچوونیان له‌به‌رچاو نه‌گیرا. ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ی له ئارادا بوو، یان جێبه‌جێكردنی بیرۆكه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. ئێستاش پێموایه، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ر وڵاتێكی دیكه، كه گرنگی به رۆڵگێڕانی ئه‌رێنی له عێراق ده‌دات، ده‌بێت ئه‌و ئازایه‌تییه‌یان تێدا بێت، كه په‌نجه بخه‌نه سه‌ر كێشه سه‌ره‌كییه‌كان. هه‌ندێك كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ن، په‌یوه‌ستن به جێبەجێ نەکردنی ده‌ستوور و ئه‌و بناغه‌یه‌ی عێراقی له‌سه‌ر بونیاد نراوه‌ته‌وه. دەبێ لەوە بکۆڵینەوە بۆچی ئه‌م حكوومه‌ته له‌م وڵاته به باشی كاری خۆی ناكات و پێكهاته‌كان دڵخۆش نین؟ پێشتر سوننه‌كان و ئێستا شیعه له ده‌سه‌ڵات بوون، ئه‌ی كه‌ی عێراقییه‌كان دوور لە تایفەگەری له ده‌سه‌ڵات ده‌بن؟. عێراق له شیعه و سوننه و کورد و مەسیحی و تورکمان پێك دێت. پێكهاته‌ی جیاجیا هه‌ن، بەڵام هیچیان هه‌ست ناكه‌ن عێراقین. ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا پابه‌ند و دڵسۆزی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانن، ئینجا ده‌وڵه‌ت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێكهاته و نه‌ته‌وه و ئایینه‌كانی دیكه نیگەرانیی و مه‌ترسیان هه‌یه، هه‌ر كات ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، شتێكی خراپیان رووبه‌ڕوو ببێته‌وه. ئه‌مانه كێشه‌ی زۆر جیددین و نابێت به رواڵه‌ت سه‌یری كێشه‌كان بكه‌ین. ئێمه كێشه‌مان ده‌بێت، ده‌بێت توێژه‌ران روونی بكه‌نه‌وه و ئینجا پێشنیاز بكرێت و چاره‌سه‌ریان بۆ دەستنیشان بکرێت. كێشه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه كه‌س نایه‌وێت ددانی پێدا بنێت، كه كێشه راسته‌قینه‌كه چییه. ئه‌وان ته‌نیا باس له نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه ده‌كه‌ن، نه‌ك هۆكاره‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی هه‌یه.
روانگه‌مان بۆ داهاتووی هه‌رێمی کوردستان
ئێمه کارنامەی خۆمان راگه‌یاندووه، كه روانگه‌ی ئێمه‌یه بۆ داهاتوو. بڕوامان وایه دوو رێگه‌چارە هه‌ن. هه‌ندێكیان ناوخۆیین و چیمان پێ ده‌كرێت، هه‌ندێكیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ن. له‌م رووداوه هه‌رێمییانه‌ی كه هه‌ن، ئێمە ده‌توانین رۆڵێكی ئه‌رێنی بگێڕین، ئێمه وتمان ده‌مانه‌وێت كوردستانێكی به‌هێزتر دروست بكه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه تێگه‌یشتنێكی باش بۆ سه‌قامگیریی باشتر و ئاسایشی باشتر و ئابوورییه‌كی باشتر بونیاد بنێین. زیاتر به رووی جیهاندا ده‌كرێینه‌وه. ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسیی باشترمان له‌گه‌ڵ جیهان هه‌بێت. سەرچاوەکانی داهاتمان فرەچەشن بکەین، نابێ ته‌نیا پشت بە نه‌وت ببەستین. بۆیه زۆر به جیددی بیر له په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه ئێمه زۆر گرنگیان پێ ده‌ده‌ین. ئێمه له قۆناغه‌كانی په‌ره‌پێدان و دابینكردنی ئاسایشی زیاتر داین بۆ هه‌رێمه‌كه. ئه‌مه‌ش ده‌خوازێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر لە هەماهەنگب به‌رده‌وامدا بین. ئه‌مه ئه‌ركی ئێمه‌یه و شتێكه باوه‌ڕمان پێیه‌تی، دەبێ توندڕۆیی و ده‌مارگیری تیرۆر له‌ناو ببرێن، چونكه شوێنیان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نییه و نابێت شوێنیان ببێته‌وه. ئێمه بیر ده‌كه‌ینه‌وه چۆن بتوانین خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیان بكه‌ین، چۆن خزمەتگوزارییەکان به ئه‌لیكتڕۆنیی بكه‌ین، چۆن بتوانین بیرۆكراتیه‌ت له كارگێڕیدا كه‌م بكه‌ینه‌وه، چۆن وه‌به‌رهێنه‌ره ده‌ره‌كییه‌كان بهێنیینه هه‌رێمی كوردستان و ئاسانکارییان بۆ بکەین بۆ ئەوەی له كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، چۆن بتوانین پشتیوانیی له وه‌به‌رهێنه‌ره ده‌ره‌كییه‌كان بكه‌ین، كه له ناوخۆدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. ئابووریی به‌هێز ئەوەیە كه كاری زیاتر و مووچه‌ی باشتر و شێوازی ژیانی باشترت هه‌بێت. ئه‌مه‌ش سه‌قامگیریی سیاسی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌مانگه‌یه‌نێته سه‌ر ئه‌و بازنه‌یه‌ی پێشتر ئاماژه‌م پێیدا. کە ئابوورییه‌كی باشتر، ژینگه‌یه‌كی له‌بارتر و سه‌قامگیریی سیاسی و ئاسایشی باشتر دەهێنێتە ئارا ئه‌وكات هه‌رێم و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزترت ده‌بێت، ئه‌وه‌ش خواستی ئێمەیە و كاری بۆ ده‌كه‌ین و ده‌ستیشمان پێ كردووه. ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان و ده‌وروبه‌رمان رۆڵێكی ئه‌رێنیمان هه‌بێت.
په‌یوه‌ندییه‌كانی هەرێمی كوردستان و رووسیا
كاتێك ده‌ڵێم پێویسته ئه‌مه‌ریكا بمێنێته‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، ئه‌مه‌ریكا ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئه‌وه بڕیاری خۆیانه. پێموایه مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه گرنگه. ئایا بژارده‌كانی دیكه چین؟ ئێمه هیچ دژیه‌كییه‌كمان له‌گه‌ڵ هێزه هه‌رێمییه‌كان، یان یاریزانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه و ده‌ستی هاوكاری بۆ هه‌ر كه‌سێك درێژ ده‌كه‌ین، كه بیه‌وێت هاوكاریمان بكات. په‌یوه‌ندیی باشمان له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌یه. ئه‌وان له هه‌رێم هه‌ندێك پڕۆژه‌یان هه‌یه و به گشتیش له عێراق هه‌ن.
رووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە
پێمانوایه حكوومه‌تی به‌رپرسیار ئه‌وه‌یه، كه ده‌توانێت گه‌نده‌ڵی كه‌م بكاته‌وه. بەڵام زۆر ئه‌سته‌مە، ره‌نگه راستیش نه‌بێت بڵێین گه‌نده‌ڵی بنبڕ دەکەین، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌مه نەکرێت. بەڵام گه‌نده‌ڵیی كه‌م ده‌كرێته‌وه. ئەویش به دروستكردنی حكوومه‌تێكی چالاک و وه‌ڵامده‌ره‌وه کە سنوورێک بۆ گەندەڵی دابنێت، بۆ ئه‌مه‌ش له رووی چاكسازیی ئابووری و داراییه‌وه ده‌ستمان پێ كردووه. له رووی بەڕێوەبردنیشەوە، كاتێك بۆ نموونە فه‌رمانبه‌رێک ته‌نیا دوو كاتژمێر رۆژانه كار ده‌كات و مووچه‌ی رۆژێكی ته‌واو وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه بۆ خۆی گه‌نده‌ڵییه. بۆیه ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه ناچار بكرێت، به‌رپرسیار بن و كاری خۆیان ئه‌نجام بده‌ن. له‌م ڕووه‌وه ده‌ستمان پێ كردووه و له ده‌ستپێكی كابینه‌كه‌وه كاری بۆ ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها به‌رتیل و پاره‌دان و كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای خزمایه‌تیی، به ڕادده‌یه‌كی باش رێگریی لێ كراوه و كاری زیاتریش ده‌كه‌ین. ده‌بێت ده‌رفه‌تی گونجاو و یه‌كسان بۆ هه‌مووان دروست بكه‌ین. ئه‌مه كلیلی سه‌ركه‌وتنه بۆ خه‌ڵك، تاكو هه‌ست بكه‌ن ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان هه‌یه. ئه‌مه ئه‌و شتانه‌ن ده‌كرێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكرێن. كاره‌كه ئه‌وه نییه كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌یت و كارێك له دژیدا ئەنجام بدەیت به‌ڵكو ده‌بێت رێگری بكرێت له‌وه‌ی خه‌ڵك كاری گه‌نده‌ڵی بكات. كه‌واته رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وامه و گه‌نده‌ڵیمان وه‌ستاندووه. كه‌س ناتوانێت چیدیكه پشت به هاوڕێیه‌تیی كه‌سێك ببه‌ستێت بۆ ئه‌نجامدانی كارێك له حكومه‌ت، هه‌مووان ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان هه‌یه. به‌رنامه‌مان هه‌یه چۆن بتوانین هه‌ندێك خراپه‌كارییه‌كانی رابردوو چاره‌سه‌ر بكه‌ین و له رووی یاساییه‌وه كاریان له‌سه‌ر بكرێت و له ئێستاشه‌وه كارمان له‌سه‌ر كردووه.
دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ به‌غدا هەبێت.
ئێمه هه‌رگیز له دژی په‌یوه‌ندیی به‌هێز نه‌بووینه له‌گه‌ڵ به‌غدا. به‌رده‌وام به‌غدا دژی ئه‌وه بووه په‌یوه‌ندیی به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت. ئێمه له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور به‌شدار بووین و ویستوومانه ئه‌ندامێكی كاریگه‌ر بین، ئه‌وه بژارده‌ی ئێمه بووه و هه‌ر كاتێك به‌غدا ئاماده بێت بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزانه، ئێمه به‌رده‌وام ئاماده‌ین، ئێستاش ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته ئاراوه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و ده‌رفه‌ته به‌كار بهێنین و په‌یوه‌ندییه‌كان باشتر بكه‌ین. كاتێك باس له وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كرێت، ئێمه هیچ به‌رژه‌وه‌ندیمان له دروستكردنی قه‌یران و گرژیی له‌و وڵاتانه‌دا نییه. ئێمه رێز له وڵاتان و نیگه‌رانییه‌كانیان ده‌گرین، هه‌ندێك له‌وان نیگه‌رانیی ئه‌منییان هه‌یه و ئێمه تێ‌یان ده‌گه‌ین، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و كێشانه‌یان بگوازنه‌وه كوردستان، یان عێراق.
كوردستان شوێنێكه پێویستە سه‌قامگیر بێت و ئاشتی و گه‌شه‌ی تێدا بێت، نامانه‌وێت هیچ وڵاتێك كێشه‌كانی خۆی هه‌نارده‌ی ئێره بكات، ئه‌مه‌ش دوو لایه‌نه‌یه. بۆ نموونه، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی نایانه‌وێت توركیا ده‌ستتێوه‌ردان بكات، یان بۆردومان بكات، نابێت ئه‌وانیش هیچ پاساوێك بده‌نه توركیا تا ببێتە هۆی بۆردومانی ناوچەیەک. بۆ نموونە باس له شنگال ده‌كرێت، بۆ خه‌ڵكی شنگال قوربانیی بده‌ن؟ هه‌ندێك لایه‌نی ده‌ره‌كی هه‌ن له شنگالن، كه نابێ له‌وێ بن. به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه پاساو ده‌داته توركیا. ئایا توركیا ده‌یتوانی بۆردومانی شنگال بكات ئه‌گه‌ر پاساوی نه‌بوایه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێكهاتانه له‌وێ نه‌بووان هیچ پاساوێک دەبوو بۆ بوردومان؟ بۆیه ده‌بێت هه‌مووان به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه بكه‌ن. ئێمه دژی له‌شكركێشیی و هێرشی سه‌ربازین، هاوكات پشتیوانیی له‌و گرووپانه ناكه‌ین، كه كێشه‌كانی خۆیان ده‌هێننه هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه. خوازیارین هه‌موو لایه‌ك رێز له خواستی ئێمه بگرن. كه ئامانجی سه‌ره‌كیی ئێمه ئه‌ویە ئاشتی و گه‌شه و سه‌قامگیریی و پێشكه‌وتن لە هه‌رێمی كوردستان هەبێت.