شێروان دووبەردانی: سیڤی کاندیدانی پارتی رادەستی عەلی زەیدی کراون
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، سیڤی کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق رادەستی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، عەلی زەیدی کراون.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ و بەشداریی کورد لە کابینە نوێیەکە؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026ـی کوردستان24 بوو؛ کە لە لایەن کۆڤان عیززەتەوە پێشکەش کرا.
دووبەردانی باسی لەوە کرد، بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کابینەی داهاتووی عەلی زەیدیدا؛ وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت پشکی حزبەکان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گۆڕانیان بەسەردا بێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پارتی ناو و سیڤی کاندیدەکانی بۆ ئەو سێ پۆستە رادەستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی عێراق کردووە؛ "بەڵام نازانین کاندیدەکان کێن و زانیاریمان نییە".
دووبەردانی ئاماژەی بەوەش دا، هەر لایەنێکی سیاسی سێ سیڤی بۆ هەر پۆستێک رادەستی عەلی زەیدی کردووە و خۆی یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. گوتیشی "زەیدی نایەوێت هیچ وەزیرێکی کابینەی پێشووی سوودانی لە کابینە نوێیەکەدا دابنێتەوە و چەند ناوێکی رەتکردووەتەوە؛ ئەمەش کێشەی لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەت دروست کردووە".
لەبارەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی عەلی زەیدی؛ ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەی خستە روو، لە چەند پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعەکانەوە زانیویانە، کێشە لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دروست بووە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. گوتیشی "ئەگەر ئەمڕۆ کێشەکە چارە بکرێت، سێشەممەی داهاتوو، 12ـی ئایار یان چوارشەممە، 13ـی ئایار، پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکە کۆدەبێتەوە؛ ئەگەر نا، دەنگدانەکە دوادەخرێت و دەچێتە دوای جەژنی قوربان، چونکە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران دەچنە حەج".
دووبەردانی باسی لەوە کرد، ئەگەر دەنگدان بە کابینە نوێیەکەی بچێتە دوای جەژنی قوربان، لە رووی دەستوورییەوە، 30 رۆژەکەی بەردەستی عەلی زەیدی تەواو دەبن و زەحمەتە بتوانێت حکوومەتی نوێی عێراق پێک بهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.
بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو تەنیا 30 رۆژی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان. پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق بەردەوام بەپێی بنەمای پشکپشکێنە و رێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت و زۆرجار رووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە.