هاوپەیمانی نەسر: ئێران هەڕەشەی لە کوتلەکانی عێراق کردووە
خۆپیشاندەران رێگەی سەرەکی دەروازەی سنووری سەفوان دادەخەن
K24 – ههولێر:
رێگەی سەرەکی دەروازەی سنووری سەفوان لەلایەن خۆپیشاندەران داخرا و هاوپەیمانی نەسریش ئاشکرایدەکات، ئێران هەڕەشەی لە کوتلە سیاسییەکانی عێراق کردووە.
سەرەڕای ئەو بەڵینانەی لایەنە سیاسییەکان و هەریەک لە حکومەت و پەرلەمان داویانە، خەڵکی بەغدا و چەند شارێکی دیکە لە سەر خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانیان بەردەوامن، جیا لە داخستنی رێگای سەرەکی بیرە نەوتەکان، خۆپیشاندەران رێگەی سەرەکی دەروازەی سنووری سەفوانیشیان لەگەڵ کوێت داخست.
هاوکات سەرۆک هۆزەکانی کەربەلا داواکارییەکی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا رەتکردەوە.
دوێنێ هیزە ئەمنییەکان پردی ئەحرارییان لە خۆپیشاندەران سەندەوە و بەهۆی بۆمبی گازیشەوە، 25 کەس برینداربوون.
عەدنان زەرفی سەرۆکی کوتلەی نەسر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد، ئێران ترسی داوەتە هەندێک لە کوتلە سیاسییەکان و هەڕەشەی لێکردوون، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران لە پۆستەکەی لابدەن، شەڕی ناوخۆیی لە عێراق بەرپا دەبێت.
زەرفی گوتی، کۆبوونەوەکەی شەوی دووشەممەش بەهۆکاری هەڕەشەکانی ئێرانەوە بووە و بۆیە ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوون.
هاوپەیمانێتییەکەی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، لە هەموو کوتلە سیاسییەکانی دیکەی عێراقی زیاتر دژی حکومەتی ئێستا وەستاوەتەوە.
H.J