شاندی هەرێم و عادل عەبدولمەهدی کۆبوونەوە
باس لە بەشە بودجەی هەرێم دەکەن
K24 – ههولێر:
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێم لە هەریەک لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتوون و باس لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و چەند کێشەیەکی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا کرا.
پێش کۆبوونەوەکە، فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند:" کێشەکانی پێشتر کە لەبارەی بودجە و مووچە هەبوون، بە نزیکەیی چارەسەربوون و دەست بۆ مووچەی خەڵک نابرێت و بۆ ئێمە ئەوە هێڵی سوورە. لێکتێگیشتنی باشیش هەیە لەبارەی پرسی رادەستکردنی نەوت".
H.J