دادگای فیدراڵی عێراق: بە یاسای تیرۆر مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران ناکەین
لە ئوم قەسڕ، بەغدا و ناسرییە کوژراو لە ریزی خۆپیشاندەران هەیە
K24 – ههولێر:
لە ئوم قەسر دوو خۆپیشاندەر کوژران و 90ی دیکەش برینداربوون و دادگای فیدڕاڵیش رەتیدەكاتەوە، بەپێی یاسای تیرۆر لێكۆڵینەوە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكرێت
سەرچاوەیەک لە پارێزگای بەسرە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، خۆپیشاندان لە شارۆچکەی ئوم قەسر لە سنووری پارێزگای بەسرە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکە تاوەکو ئێستا 2 خۆپیشاندەر کوژران و 90ی دیکەش برینداربوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ناسرییە سێ خۆپیشاندەر و لە بەغداش یەکێکی دیکە کوژراون و 27 کەسیش برینداربوون.
شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، مانگێکی تێپەڕاندووە و تا ئێستاش خۆپیشاندەران سوورن لە سەر داواکارییەکانیان بۆ رووخانی حکومەت و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دوورکەوتنەوەی سەرجەم حزبە سیاسییەکان.
لای خۆیەوە، دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، پێشێلکارییەکانی خۆپیشاندەران بە تاوانی تیرۆریستی هەژمار ناکرێت.
دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر خۆپیشاندەران هەژمارکراون بە تاوانێکی تیرۆریستی داناندرێن، بەڵکو بەپێی یاسای سزادانی عێراق لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
H.J