هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ و نه‌وت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ ئه‌نجام ده‌ده‌ن

شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم گه‌یشته‌وه‌ به‌غدا

K24 - هه‌ولێر:

شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەشداركردن لە گفتوگۆكانی ئامادەكردنی بودجه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عەبدولمەھدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیار لەبارەی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا دەده‌ن.

شانده‌كه‌ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كه‌ له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی، دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندان و خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكهاتوون، وەڵامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و بودجەیان بردووه‌ته‌وه‌ لای سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و بەشداریی لە گفتوگۆكانی حكوومەتی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە بودجەی 2020ـی عێراق.

بڕیارە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری كۆتایی بدات لەبارەی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بە تایبەت لەسەر پرسی نەوت و بودجە.

شاندەكە دوو رۆژی رابردوو سەردانی بەغدای كرد و دوێنێش ئەنجامی سەردانەكەیان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت خستەڕوو.