خۆپیشاندەرانی عێراق رێگای دوو بەندەریان داخست
زۆرینەی شەقامەکانی دوو شار داخران
K24 - ھەولێر
خۆپیشاندەرانی عێراق رێگەکانی بەندەرەکانی ئوم قەسر و خۆر زوبێریان لە پارێزگای بەسڕە و زۆرینەی شەقامەکانی نەجەف و حیللە داخست.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە "خۆپیشاندەران رێگەی سەرەکی بەسرە بۆ دەروازەی ئوم قەسر و خۆر زوبێریان داخستووە".
سەرچاوەیەکیش لە پارێزگای بەسرە ئاماژەی بەوەداوە، خۆپیشاندەران لە پارێزگای بەسرە دەیانەوێت ناوەندی پارێزگاکە لە شاروشارۆچکەکانی دەوروبەری داببڕن.
هاوکات لە شارەکانی نەجەف و حیللەش بەهۆی سوتاندنی تایە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، زۆرینەی شەقامەکانی ئەو دوو شارە داخران.
لەلایەکی دیکەوە لە پارێزگای زیقار بەهۆی خۆپیشاندان و پچڕاندنی رێگە سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە دەوامی دامودەزگاکانی حکوومەت راگیراون.