ئێران نامه‌ی ناڕه‌زایی ده‌داته عێراق
سه‌باره‌ت به سووتاندنی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له نه‌جه‌ف
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، بانگهێشتی باڵیۆزی عێراقی له تاران كرد و نامه‌ی ناڕه‌زایی توندی خۆی سه‌باره‌ت به سووتاندنی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له نه‌جه‌ف پێدا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌باس موسه‌وی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه گوتی: داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، به به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه بكات و رووبه‌ڕووی ئه‌وانه ببێته‌وه كه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له نه‌جه‌ف.
موسه‌وی گوتیشی: ئێران ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه ده‌كات و پێویسته حكومه‌تی عێراق ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی خۆی له پاراستنی نێرده دیپلۆماتییه‌كان جێبه‌جێ بكات.
شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له شاری نه‌جه‌ف چوونه سه‌ر كونسوڵخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌وڵیاندا ئاگری تێبه‌ربده‌ن.