به‌غدا داوای لێبوردن له تاران ده‌كات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق په‌یوه‌ندی به هاوتا ئێرانییه‌كه‌یه‌وه كرد
K24- هه‌ولێر:
تاران رایگه‌یاند، محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی، له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كونسۆڵخانه‌ی ئێران له شاری نه‌جه‌ف، داوای لێبوردنی له كۆماری ئیسلامی كردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كونسۆڵخانه‌ی ئێران له شاری نه‌جه‌فی عێراق و سووتاندنی باره‌گای كونسۆڵخانه، حه‌كیم له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندی به زه‌ریفه‌وه كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ی خراپكاران داوای لێبوردن بكات" و ئه‌و كاره‌شیان به "رێككاریكی وێرانكارانه" وه‌سف كرد.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، "حه‌كیم به‌ڵێنی به زه‌ریف داوه، كه حكوومه‌تی عێراق پارێزگاری له دیپلۆماتكارانی ئێران و شوێنه دیپلۆماسییه‌كانی ئێران له عێراق ده‌كات".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك خۆپێشانده‌ر له شاری نه‌جه‌ف هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر كونسۆڵخانه‌ی ئێران له‌و شاره و سووتاندیان.
هه‌ر له‌و خۆپێشاندانه‌ی شه‌وی رابردوودا له شاری نه‌جه‌ف، رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران روویدا و له ئه‌نجامدا 32 خۆپێشانده‌ر بریندار بوون.
له به‌یاننامه‌یه‌كدیشدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به توندی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كونسۆڵخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئیدانه كرد و ئێرانیش به زمانێكی توند ناڕه‌زایه‌تی خۆی به باڵیۆزی عێراق له تاران راگه‌یاند.
H.B