ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی عێراق لە بەرزبوونەوەدایە
خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لە شارەكانی عێراق بەردەوامە
K24 - ههولێر:
خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لە شارەكانی عێراق بەردەوامە، بە پێی ھەواڵی میدیاكانی عێراق، ئەمڕۆ 15 خۆپیشاندەر لە ناسریە و دوو خۆپیشاندەر لە زیقار کوژران و 76 ی دیكەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی زیقاریش دەستی لەکاركێشایەوە و ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوەش لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان روویدا.
ھاوكات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە پەیامێكدا رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەھدی یەکەم دەستکەوتی شۆڕشە و کۆتایی نابێت، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەكە کۆتایی گەندەڵی نییە.
ئاماژە بەوەش دەكات پێویستە سەرۆک وەزیران لە رێگەی راپرسییەوە دەستنیشان بکرێت و پێویستە پێنج کەس بۆ سەرۆک وەزیران بخرێنە دەنگدانەوە، ھەروەھا پێویستە سندوقی راپرسی لە نێو خۆپیشاندەران دابنرێن.
لای خۆیەوە، ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نیشتمانی رایگەیاند، پێویستە حكوومەتێكی كاربەڕێكەر لە عێراق پێكبێت و ھەڵبژاردنی پێشوەختەش لە عێراق ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، عادل عەبدولمەهدی لە بەشێکی بچووکی کێشەکان بەرپرسە.
ئ. م