هۆشداری له داڕمانی ئابووری و پارچه‌بوونی عێراق ده‌درێت
ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی عێراق له هه‌ندێك شار ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ماوه
K24- سۆران:
ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و ئاڵۆزییه‌كانی عێراق تا ده‌گاته كوشتنی خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وامه، له‌و شارانه‌ی خۆپیشاندان و ئاڵۆزی تێدا به‌رده‌وامه، دۆخه‌كه به جۆرێك شڵه‌ژاوه حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیش له هه‌ندێك شار ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ماوه، چاودێرانیش هۆشداری له داڕمانی ئابووری و ته‌نانه‌ت پارچه پارچه بوونی عێراق ده‌ده‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه عومه‌ر نوره‌دینی، مامۆستای زانكۆ بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی له عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووده‌دات، ئاماژه‌ی شكستی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه كه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه له عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست درووست بووه، چونكه ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌یتوانیوه ببێته ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی و نه‌یتوانیوه ببێته ده‌وڵه‌تێك كه به دامه‌زراوه‌یی، ئیداره‌دانێكی باشی دادپه‌روه‌رانه، خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی پێناسه بكرێت.
هاوكات عادل باخه‌وان، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری سۆسیۆلۆژیای عێراقی زانكۆی سۆران ده‌ڵێت: عێراق فره پێكهاته‌یه به‌ڵام هیچ شتێكمان نییه به ناوی عێراقی، عێراق بووه‌ته ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌وه‌ی كه بمانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی سیستماتیك درووست بكه‌ین، به‌ڵام ناتوانین ئه‌و ئامانجه به‌دی بهێنین، بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ر و سیناریۆكان ئاماده بكات.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئێستا ئاڵۆزیه‌كانی عێراق گه‌یشتونه‌ته قۆناغێكی مه‌ترسیدار، به جۆرێك وێرای كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆری خۆپیشانده‌ر، له‌هه‌ندێك شاری ئه‌و ولاته دۆخه‌كه له‌ده‌ستی حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیش نه‌ماوه، وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن، خه‌ریكه ئابووری عێراق به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وله‌تێك به‌ناوی عێراقیش، بۆته ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو.
H.B