پێنج چه‌كداری داعش ده‌ستگیركران
سێ كه‌سیان له دیوانی جوند كاریان كردووه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه 9/12/2019 وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند: "له به‌ری ده‌سته چه‌پی شاری مووسڵ، 5 چه‌كداری داعش ده‌ستگیركراون، یه‌كێكیشیان له دامه‌زراوه‌یه‌كی داعش كاری كردووه كه به (الشرعية) ناوی ده‌به‌ن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: "فه‌وجی 12ـی پۆلیسی فریاكه‌وتن سه‌ر به فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا، دوای ده‌ستخستنی زانیاریی ورد له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ 5 ئه‌ندامی داعش ده‌ركرد و تونییان هه‌ر پێنجیان ده‌ستگیر بكه‌ن، یه‌كێكیان له (ده‌زگای شه‌رعی و یه‌كێكیان له حوسبه و ئه‌وانی دیكه‌شیان چه‌كداری دیوانی جوند بوون له‌و كاته‌ی داعش شاری مووسڵی داگیر كردبوو".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌دراوه، ئه‌و پێنج چه‌كداره‌ی داعش له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای شاری مووسڵ، وه‌ك گه‌ڕه‌كه‌كانی (ئه‌لبه‌كر، زه‌هره، قودس و نه‌هزه) له رۆژئاوای شاری مووسڵ ده‌ستگیركراون.