له مه‌زره‌عه‌یه‌كی هه‌ولێر ده‌رمانێكی ساخته‌ی شێرپه‌نجه درووست ده‌كرێت
له سلێمانییه‌وه ده‌رمانی ساخته‌ی ئێرانی ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمان رایگه‌یاند، له شاری سلێمانییه‌وه ده‌رمانی ساخته و نه‌ناسراوی ئێرانی ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێت. له مه‌زره‌عه‌یه‌كی سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر – سه‌لاحه‌دینیش، ده‌رمانێكی ساخته‌ی شێرپه‌نجه درووستكراوه و به نرخی نزیكه‌ی هه‌زار دۆلار فرۆشراوه‌ته تووشبووانی شێرپه‌نجه.
هێژا ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی چاودێری كۆنترۆڵی ده‌رمان رایگه‌یاند، له مه‌زره‌عه‌یه‌كی سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر – سه‌لاحه‌دین، ده‌رمانێكی ساخته به ناوی شێرپه‌نجه درووستكراوه و هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی نییه و به نرخی (900 - 1000) دۆلار فرۆشراوه به تووشبووانی نه‌خۆشییه‌كه.
گوتیشی: له هه‌وڵداین بزانین كێ له پشت درووستكردنی ئه‌و ده‌رمانانه و هێنانییهتی بۆ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نیا ئه‌و دوو كه‌سه‌ی ده‌ستگیركراوون به‌رپرسی هه‌موو شتێك نین و به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی دیكه له پشتیانه‌وه‌یه.
روونیشیكرده‌وه، به‌شێكی ئه‌و ده‌رمانه ساختانه له ئێرانه‌وه هێنراونه‌ته سلێمانی و له‌وێشه‌وه ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كراوون و له بازگه‌ی دێگه‌ڵه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته هاووڵاتیان وشیار بن و له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه داوده‌رمانی قه‌ڵه‌وبوون و لاوازبوون نه‌كڕن و ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه مه‌ترسیداره.





