خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

رێگای سەرەكی كەربەلا داخرا

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و هێزی ئەمنی زۆریش لە دەورووبەری گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان بڵاوەیان پێکراوە.

سەرەڕای بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی زۆر لە دەورووبەری گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان، بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا بەڕێوەبچێت و خەڵک لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستیشەوە بە نیازن لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی پایتەختدا بەشداربن.

هاوکات، قه‌یس خه‌زعلی، ئه‌مینداری گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحەق رایگەیاند، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ كاری تێكده‌رانه‌یه‌ و کوژرانی زیاتری خەڵکی لێدەکەوێتەوە.

لە کەربەلاش رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، رێگەی سەرەکی شارەکەش لەگەڵ بەغدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا، پۆلیسی پارێزگاکەش لێکۆڵێنەوەی لە کوشتنی چالاکوان فاهم تائی دەستپێکرد، کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.