بەفر ھاتووچۆی لە رێگای زینی وەرتێ پەكخست

یەكێكە لە رێگایانەی دەڤەری راپەڕین و سۆران پێك دەبەستێتەوە

K24 - رانیە

بەھۆی شەپۆلی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەكان، ئەمڕۆ ھاتووچۆ لە رێگای زینی وەرتێ وەستا، كە دەڤەری راپەڕین بە قەزاكانی رواندز و سۆران و چۆمان دەبەستێتەوە.

ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە رانیە رایگەیاند: "بەهۆی ئەو شەپۆلەی بەفربارین كە چەند رۆژێکە رووی لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەو ھۆیەوە ئەمڕۆ رێگای زینی وەرتێ بەفر دایپۆشی و هاتووچۆی نێوان سنووری راپەڕین و ناوچەکانی سۆران و چۆمان و رواندوز لەو رێگایەوە پچڕا".

رێگای زینی وەرتێ رێگایەکی شاخاویی و پێچاوپێچە و لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ساڵانە بەفری زۆری لێدەبارێت و بەو هۆیەوە چەندین جار شۆفێران لەو رێگایە دووچاری ئاستەنگی دەبن.

جگە لە ھاتووچۆی ھاووڵاتیان ئەو رێگایە بە بە رێگایەکی بازرگانیش دادەنرێ، بەو پێیەی بارهەڵگری زۆر لە مەرزەکانی حاجی ئۆمەران بۆ پارێزگای سلێمانی و مەرزی کێلێ بەرەو سۆران بەو رێگایە هاتووچۆ دەکەن.