قەیسەری كۆنی کفری نۆژەن دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی گەرمیان راسپێردرا

K24 - ھەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا قەیسەری كۆنی كفری نۆژەن بكرێتەوە، كە لە چەند رۆژی رابردوو بەھۆی بارانبارینەوە داڕوخا.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی گەرمیان ئاشكرای كرد "هەر یەک لە بەرزان کەریم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان و دڵشاد فەتاح جێگری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان و قادر فاتیح سەرۆکی شارەوانی کفری رۆژی سێ شەممە 10/12/2019 سەردانی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی شاری کفری بە تایبەت قەیسەریە داڕوخاوەکەی کفری کە لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە داڕوخا. ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لای خۆیەوە بەرزان کەریم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیانی راسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات لیژنەیەکی تایبەت دروست بکات، بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەریەکە و بەڵێنی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی پێدا بۆ چارەسەرکردنی".

پێشتر كوردستان24 لە راپۆرتێكدا وردەكاری روخانی قەیسەری كۆنی كفری خستبووەڕوو.